بڕیارێک لە بەرژەوەندی قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەری لوبنان دەرچوو

دادگای باڵای دادی بەریتانیا بڕیارێکی لە بەرژەوەندی قوربانییەکان دەرکرد، کە لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتیەوە لە دژی کۆمپانیای ئینگلیزی ساڤارۆ لیندەد، لە داوای یاسایی مەدەنیدا لە ٢ی ئابی ٢٠٢١دا تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٣ی شوبات، یەکەمین بڕیاری دادوەری لە دەرەوەی لوبنان، لە دۆسیەی تەقینەوەی ٤ی ئابی ٢٠٢٠ی بەندەری مەرفا لە بەیروت،دەرچوو، کە زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی بەجێهێشت.

 

لە بەیاننامەی فەرمانگەی داواکاری گشتی سەندیکای پارێزەرانی بەیروت سەبارەت بەو کارەساتە هاتووە: "دادگای باڵای دادی بەریتانیا بڕیارێکی لە بەرژەوەندی قوربانییەکان دەرکرد، کە لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتیەوە لە دژی کۆمپانیای ئینگلیزی ساڤارۆ لیندەد، لە داوای یاسایی مەدەنیدا لە ٢ی ئابی ٢٠٢١دا تۆمار کراوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ساڵ و نیوێک لە دەستپێکردنی داوای یاسایی مەدەنی دژی کۆمپانیای ساڤارۆ لیندەد، ئاڵوگۆڕی ڕێساکان و ئەنجامدانی چەند دانیشتنێک، دادگای باڵای دادی بەریتانیا، بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکەی بەرامبەر بەو قوربانیانەی کە نوێنەرایەتیان لەم داوایەدا کردووە، بڕیاریدا و قۆناغی دووەمی دادگاییکردنەکەی کردەوە، کە قۆناغی دیاریکردنی بەهای ئەو قەرەبووەیە دەدرێت بە قوربانییەکان".

 

پارێزەر پرۆفیسۆر ناسری دیاب و پارێزەر کامیل ئەبو سلێمان کە بەرپرسی ئەم دۆسیەیەن، جەختیان لەسەر گرنگی بنەڕەتی ئەم بڕیارە کردەوە، بەو پێیەی "یەکەم بڕیاری دادوەرییە کە ناوی یەکێک لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە کارەساتەکەی تێدایە، ئەم دەستنیشانکردنە یەکەم بڕیار پێکدەهێنێت کە دەرگا بە فراوانی دەکاتەوە بۆ لێپێچینەوە لە بەرپرسانی دیکە، بە تایبەت کە دادگاییکردنەکە بووە هۆی ئاشکراکردنی بەڵگەنامە و ڕاستییەکان کە ڕەنگە سوود بە دۆسیەی تەقینەوەی بەندەرەکە بگەیەنن، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ڕێکارەکانی دیکە لە دەرەوە و ناوەوەی لوبنان.

 

٤ی ئابی ٢٠٢٠ گەورەترین تەقینەوە لە بەندەری مەرفا-مرفأ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕوویدا، بەهۆیەوە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە ٦٥٠٠ کەس بریندار بوون، ٣٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون،، پایتەختی لوبنانیش زیانێکی زۆری پێگەیشت و وێران بوو نزیکەی ٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوت، بەپێی زانیارییەکان ٪٧٥ی تەقینەوەکە لەناو ئاودا بوو، ئەگەرنا لوبنان ڕووبەڕووی کارەساتی گەورەتر دەبووەوە.

 

لە تەقینەوەکەدا ٢٧٥٠ تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم تەقییەوە گەورەترین زەمین لەرزەی لە بەیروتدا دروستکرد، هەروەها نزیکەی ١٥ ملیار دۆلار زیانی ماددی هەبوو، دوای کەمتر لە هەفتەیەک حکومەت هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و سەرۆک وەزیران و چەند وەزیر و پەرلەمانتارێک نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد.