ئێران سێ چالاکوانی ژن ئازاد دەکات

دەسەڵاتدارانی ئێران، سینەماکاری دیکۆمێنتاریی دەستبەسەرکراو، موژگان ئیلانلو و مونیرە عەرەبشاهی و کچەکەی، یاسمین ئاریانی، کە چالاکی مەدەنین و بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕاپەڕیەندا دەستگیرکرابوون، ئازادکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی ژن، کە بەهۆی بەشدارییان لە ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستگیرکرابوون.

 

دادگا موژگان ئیلانلو، سینەماکاری دۆکیۆمێنتاری، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە کاتی بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن ژیان، ئازادی" دوای پشتیوانی لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە و بڵاوکردنەوەی وێنە بەبێ حیجابی ناچاری لە ئەکاونتی ئینستگرامەکەیدا دەستبەسەر کرابوو، سزای ١٠ ساڵ زیندانی و ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دەسەڵاتداران ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی شوبات ئازادیان کرد.

 

هەروەها مونیرە عەرەبشاهی و یاسمین ئاریانی کچی، دوو چالاکی مەدەنی دژ بە حیجابی ناچارین و دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کران.

 

دوای ئازادکردنی مونیرە عەرەبشاهی و کچەکەی، یاسمین ئاریانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڤیدیۆ کلیپێکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان بە زمانی کوردی و فارسی دەوتەوە،

 

مونیرە عەرەبشاهی بە تۆمەتی دژایەتیکردنی حیجابی ناچاری، بە ٩ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی لە ساڵی ٢٠١٨دا سزادرا، هەروەها یاسمین ئاریانی بە تۆمەتی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حیجابی ناچاری لە شێوەی "هەڵمەتی چوارشەممەی سپییەکان" ٢٠١٩ دەستگیرکرا.