تەرمی دوو کۆچبەری کورد دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ژێرئاوکەتنی یەختەکەیان، ئەمڕۆ یەکشەممە تەرمی دوو کۆچبەری کورد، کە یەکێکیان ژنە، دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
سلێمانی
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی دووەم، تەرمی دوو کۆچبەری کورد بە ناوەکانی "زریان محەمەد" و "زانا قادر" دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.
نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان ئاماژەی بەوەکردووە، دوای زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی یەختێکی کۆچبەران لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە کەناراوەکانی ئێفیای یۆنان تەرمی ئەو دوو کۆچبەرە کوردە بە دوو قۆناغی جیا لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دۆزراونەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەزگای لوتکە و نوێنەرەكانی بەردەوام لەسەر هێڵن بە مەبەستی دیاریکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنبووانی ئەو ڕووداوە و دڵنیاییش دەداتە کەسوکاری بێسەروشوێن بووان کە سەرجەم دۆسیەکانیان بە کراوەیی ماون وکاریان لەسەر دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی ٩٠ کۆچبەری ناو ئەو یەختە نقوم بووە ٥٨ کۆچبەریان بێسەروشوێن بوون کە چواریان کورد بوون.
ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆچکردنی هاوڵاتیان بەهۆی بێباکی دەسەڵات، نەبوونی خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستە و هێرش و داگیرکاری سەر وڵات، بەردەوامی هەیە.