مەغریب بانگەوازی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خێزانی دەکات

لە سیمپۆزیۆمێکدا کەموکەرتی یاسای خێزانی لە مەغریب خرایە ڕوو، تەواوی بەشداربووانیش کۆکبوون لەسەر هەموارکردنەوەی و پێیان وایە یاساکە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەدا ناگونجێت.

حنان حارت

 

مەغریب- چالاکوانانی مافی مرۆڤ، دەربارەی یاسای خێزانی لە مەغریبدا ئاماژەیان بەوەدا، چەندین بڕگە و مەرجی یاسایی لە یاسای خێزانیدا هەن، تەواو لەگەڵ کۆمەڵگەی مەغریب، ژنگەی دەستووری و ڕێککەوتنە نێودەولەتییەکان ناگونجێن، بۆیە پێویستی بە تاوتوێکردن هەیە.

 

بۆ ئەم مەبەستەش دوێنێ ١٣ی کانوونی دووەم، لە شاری کازابلانکای مەغریب، کۆمەڵەی تەحەدای یەکسانی سیمپۆزیۆمێکیان لە ژێر دروشمی"بۆ یاسای بنەماڵە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی ڕاستەقینە و کاریگەر" ئەنجامدا.

 

بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکە باسیان لەوەکرد بۆ ئەوەی یاسای خێزانی هەموار بکرێتەوە، ناوەڕۆکەکەی لەگەڵ مەرجەکانی دەستوور و ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت، یاسادانەری مەغریب پێویستە پێداچوونەوە بە بابەتەکانی یاسای خێزان بکات، هەروەها وەڵامی کەموکوڕی و کەلێنەکان بداتەوە، لە پێناو یاسایەکی دادپەروەرانە بۆ کۆمەڵگە بە گشتی و ژنان بە تایبەت.

 

"پێویستە یاساکان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە هاوسەنگ بن"

سەعدی وەدا، سەرۆکی لێژنەی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کازابلانکا، ڕایگەیاند "دەستووری مەغریب بە پلەبەندێکی یاسایی دادەنرێت، هەموو ڕێکارە یاسایی و یاسادانانەکان لێیەوە سەرچاوە دەگرن، بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکە، بە گرنگیان زانی یاسای خێزانی بە جۆرێک نوێ بکرێتەوە تیایدا ڕێگری لە هاوسەرگیری کەم تەمەن بکرێت".

 

سەعدی وەدا، ڕوونیکردەوە یاسای خێزان مافەکانی نێوان ژنان و پیاوان و منداڵان ڕێکدەخات، ناکرێت ئەم مافانە لە یاسا دەستوورییەکان جیابکرێنەوە، بەڵام ناهاوسەنگی هەیە، چونکە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا هەیە، یاسا نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنێت، بەتایبەتی گۆڕانکارییە کولتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.

 

"دیاریکردنی کەموکورتی و کارکردن لەسەری بەرەو یاسایەکی تۆکمەتر دەڕوات"

بوشرا عەبدۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی تەحەدا، ڕوونیکردەوە، سیمپۆزیۆمەکە دەرفەتێکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند خاڵێکی گرنگی پەیوەندیدار بە هەموارکردنەوەی یاسای خێزان، وتیشی: سەرجەم بەشداربووانی وەک دادوەر و پارێزەران بە پێی ئەزموونی خۆیان دەتوانن هەڵسەنگاندنی باش بۆ دۆخەکە و پێویستییەکانی یاساکە بکەن، لەپێناو هەموارکردنەوەی یاسای خێزانیدا، تا بتوانێت وەڵامێک بێت بۆ مافەکانی ژنان.

 

لە میانەی هەڵسەنگاندنەکاندا کۆمەڵێک بابەتی گرنگیان وروژاند، وەک "بە شوودانی منداڵان، کێشەی سەلماندنی دایک و باوکایەتی و چەندینی تر"، پێشیوایە ئەم گفتوگۆیە بە بەرهەمهێنانی هاوپەیمانییەکی ژنان دەگاتە لوتکە و خزمەت بە ژنانی مەغریب دەکات.

 

لە کۆتایدا باسی لەوەکرد، لایەنی پەیوەندیدار بە یاسا لە مەغریب پێویستە وەڵامی کەموکوڕییەکان و کەلێنەکانی یاسای خێزانی بدەنەوە، لەپێناو بونیادنانی یاسایەکی دادپەروەرانە بۆ ژنان، هەروەها داوا لە کۆمەڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد لە بواری مافەکانی ژنان و منداڵاندا چالاک بن، دەربارەی کەموکەرتییەکانیان یاداشت بەرزبکەنەوە تا دەنگیان بگاتە پەرلەمانی مەغریب.