ژنانی مەنبج: بە فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان هەبوونی خۆمان ناسی

ژنانی پێکهاتە جیاوازەکان کە لە مەنبج دەژین، ئاماژە بەوەدەکەن بوونی خۆیان لە ڕێگەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد, عەبدوڵا ئۆجالانەوە ناسیوە و داوا لە "CPT" دەکەن کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

مەنبج- ژنان لە شاری مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی سی پی تی کرد کە بە پەلە لێدوان لەسەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بدەن.

 

داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢١ەوە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی زیاتر کردووە و رێگری دەکات لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی، ژنانی شاری مەنبج لە هەموو پێکهاتەکان داوایان کرد، زانیاری ڕوون بەدەست بهێنرێت و دەستبەجێ لێدوان لەسەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد ئۆجالان بدرێت.

 

دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لەناو گەلەکەیدا بێت

زاهیدە ئیسحاق، لە پێکهاتەی چەرکەزە و دەڵێت: گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان درێژەی هەیە، بەڵام بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەو گۆشەگیرییە، ڕێبەر ئۆجالان لە هەلومەرجێکی سەختدا دەژی، بۆیە داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی گۆشەگیری لە بواری یاساییدا هەرچی پێویست بێت بیکەن.

 

غانیمە تەها، لە پێکهاتەی تورکمانی ئاماژەی بەوەکرد کە بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری لەسەر هەموو پێکهاتەکان هەبووە و لە بەردەوامیدا وتی: فکرەکانی ڕێبەر ئۆجالان زەمینەی بۆ ژنانی تورکمان خۆشکرد کە بوونی خۆیان بسەلمێنن و سروشت و ڕاستی خۆیان بزانن، زەمینەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ژنانی تورکمان بەشداری لە دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرەکاندا بکەن، گرنگە ڕێبەر ئۆجالان لەناو گەلەکەیدا بێت، نەک لەناو دیوارەکانی زیندانی ئیمرالیدا.

 

فاتمە بەکۆ لە پێکهاتەی کوردە و وتی: ڕێبەر ئۆجالان ژنانی لە قاڵبەکان ڕزگار کرد، ژنان بە فکرەکانی ڕێبەر ئۆجالان هێزیان وەرگرت و مافەکانیان وەرگرتەوە.

 

"بە سایەی ڕێبەر ئاپۆ، ژنانی عەرەب قاڵبەکانی کۆمەڵگەیان جێهێشت"

ڕوەیدا هێندەل لە پێکهاتەی عەرەب، ئاماژەی بەوەکرد کە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان چەندین ساڵە بەردەوامە و وتی: ئێمە وەک ژنانی عەرەب باوەڕمان بەوە نەبوو کە ڕۆژێک ژنان قاڵبەکانی کۆمەڵگە بەجێبهێڵن، بەڵام بە سایەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان توانیمان خۆمان و بوونمان بناسینەوە و لە هەموو بوارەکاندا خۆمان لە کۆت و بەند ڕزگار بکەین، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە بەرخۆدان دەکەین تا گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان هەڵبگیرێت، تورکیا و دەوڵەتانی دیکە بوونی ئۆجالان لە دەرەوەی زیندانی ئیمرالی بۆ سیستمی سەرمایەدارییان بە مەترسیدار دەزانن، بەهۆی ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر ڕێبەری ئۆجالان بەردەوامە لە کار و بەرخۆدانی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ لابردنی گۆشەگیریی.

 

ئەمینە ئەلجەڕاح، دووپاتیکردەوە، بەردەوام دەبن لە بەرخۆدانی خۆیان، تا ڕێبەر ئۆجالان ڕزگار دەبێت.