ڕانیە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەنگی هەڵبڕی
لە شاری ڕانیە بەشێک لە توێژەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و ئێران گردبوونەوە و ڕایانگەیاند کە تا سەرکەوتن لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- ئێوارەی دوێنێ لە پارکی ناوبازاڕی شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و ئێران بەشێک لە توێژەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیخوازان گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست و ئیدانەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرا.
لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەی "دەستپێشخەری گەل" لەلایەن مامۆستا کۆساری خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، "وەک ئاشکرایە ناوچەکەمان بە گشتی بە دۆخێکی دژوار و ئاڵۆز و سەختدا تێدەپەڕێت هۆکاری سەرەکیش سیاسەتی نادیموکراتی و شەڕانگێزی و پاوانخوازی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە و هێزە بەرژەوەندخوازەکانە، دەوڵەتە سەرکوتکەرەکانی تورکیا و ئێران لە کاتێکدا ناتوانن وەڵامی کێشە و ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ناوخۆیان بدەنەوە، دەیانەوێت بە کێشە و قەیران لە دەرەوەی سنوورەکان و دروستکردنی سیناریۆ و بیانووی بێ بنەما شەڕ و ئاژاوە و داگیرکاری لەسەر گەلی ئێمە جێبەجێبکەن.
هێرش و بۆمببارانەکانی ئێران و هێرشەکانی تورکیا لە کۆبانێ وە تا دەگاتە قەندیل و چیای ئاسۆس و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو و كۆكوژی كیمیایی لە زاپ پەیامێکی دوژمنکارانەیە، بێدەنگی و بێ هەڵوێستی لە بەرامبەریدا دەچێتە قاڵبی خیانەت، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە دەسەڵاتی باشووری کوردستان لەلایەک لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانەدا هەڵسوکەوت دەکات و لەلایەک بە هۆی گەندەڵی حوکمڕانی و پەرتەوازەیی سیاسی و سەربازییەوە و لەلایەکی دیکەش لەو دۆخە هەستیارەدا ناکۆکی و دووبەرەکی بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر کۆی قەوارەی هەرێم و دەستکەوتەکانی گەل، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئەو هێزانە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن، پلانی داگیرکەران زۆر لەوە گەورەترە بەبێ دەنگی و بێهەڵوێستی و خۆسپاردنە هێزی بێگانە خۆی لێ بەدووربگرن، ئاگرێکە هەمووان پێکەوە دەسووتێنێت، بۆیە پێویستە هەرچی زووە لە ئاستی نیشتمانی و نەتەوەیدا ئاشتەوایی و دیالۆگی دیموکراتیانە دەستپێبکات و پاراستنی کوردستان لە ڕۆژئاوا تا باشووری کوردستان بخرێتە ڕۆژەڤی گەل و هەموو هێزە سیاسییەکان".
"بێدەنگی خزمەت بە دوژمن دەکات"
کوردستان هۆگر، چالاکوانێکی ناوچەکەیە و ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و وتیشی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنان دەڵێن "ژن، ژیان، ئازادی"، هیوادارم پەرەبسەنێت و ژنان زیاتر هەڵوێستیان هەبێت تا ئەو دروشمە سەرکەوتن بەدەستدێنێت، هیوادارم هەموو گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بە یەکگرتوویی و یەک دەنگی تێکۆشان بکەن، دەبێت بێدەنگ نەبین و بەرامبەر دوژمنان ڕاوەستین، ئێستاش ئەو هێرش و داگیرکارییەی کە لە سەر ئێمەی گەلی کوردە لەبەرئەوەیە دوژمنان چاویان بە ئێمە هەڵنایەت، هیوادارم گەلی کور زیاتر و زیاتر بەرەو سەرکەوتن بڕوات، ئەگەر بێدەنگ و بێهەڵوێست بین، خزمەت بە دوژمنان دەکەین.