قوربانیانی لافاو لە نەیجیریا وەڵامدانەوەی حکومەت بۆ کارەساتەکان ئیدانە دەکەن
لە کاتێکدا لافاوەکان لە نەیجیریا وێرانکاری لە سەرتاسەری وڵاتدا دروستدەکەن، ڕزگاربووان و پسپۆڕان دەڵێن حکومەت نەیتوانیوە فریاگوزاری پێویست پێشکەش بکات.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی لافاوە وێرانکەرەکانەوە چەندین خەڵک لە سەرتاسەری نەیجیریا ئاوارەبوون و ئێستا نزیکەی ٥٥ خێزان لە کەمپێک دەژین کە پێشتر قوتابخانە بووە و زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ٢٠ پۆلە قەرەباڵغەکەیدا بەبێ کارەبا دەژین، دوو تەوالێت هاوبەشن و خواردنەکانیان لەو پۆلانەدا دەکوڵێنن کە تێیدا دەخەون و خواردنی پێویستیان نیە.
لەم چەند مانگەی دواییدا نرخی خواردنەکان بەرزبوونەتەوە و ئەم جۆرە تێچوونانە بۆ ئەو کەسانە قورسە کە لە لافاوەکاندا زۆربەی کەلوپەلەکانیان لەدەستدابێت، بە وتەی خەڵکیش حکومەت هاوکاری خەڵکەکەی نەکردووە.
لە کۆتایی مانگی ئەیلولەوە، خراپترین لافاو کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە نەیجیریای گرتووەتەوە، سەدان کۆمەڵگەی گەورەترین ئابووری ئەفریقای گرتووەتەوە، لە کۆی ٣٦ ویلایەتی نەیجیریا ٣٣ ویلایەتیان ڕووبەڕووی بووەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون و هەزاران ماڵ و زەوی کشتوکاڵی شۆردراونەتەوە بەهۆی لافاوەوە.
بەپێی وتەی مانزۆ ئیزکیل، وتەبێژی دەزگای نیشتمانی بەڕێوەبردنی باری نائاسایی چەند هەفتەیەک بەسەر لافاوەکەدا تێپەڕیووە، هەندێک لە کۆمەڵگەکان هێشتا یارمەتییان وەرنەگرتووە، چونکە هێشتا دەست گەیشتن پێیان ئاسان نییە، بەشێک لە خێزانەکان تەنها دوو کوپ برنج و دوو کوپ فاسۆلیا و دوو کیسە نۆدلیان لە حکومەت وەرگرتووە، لە ڕاستیدا لافاوەکە کێشەکە نییە و کێشەکە لە سەرکردەکاندایە کە بە هیچ جۆرێک هاوکاری هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوویان نەکردووە.
پێشبینی دەکرێت لافاوەکە تەنها لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم بەرەو کەمبوونەوە بچێت، لەم نێوەندەدا ئابووری نەیجیریا لە هەوڵدایە بەرەو باشبوون و هەڵاوسان، لە مانگی ئابدا بەرزترین ئاستی لە ماوەی ١٧ ساڵدا تۆمارکردووە و ٪٢٠.٥ بوو، ئەمەش توانای خەرجکردنی خەڵک و توانای گواستنەوەی زیاتری گرژ کردووە.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە، حکومەت باری نائاسایی ڕاناگەیەنێت.