درێژەی ناڕەزایەتی شەقامی خوێندکاران بۆ ژن، ژیان، ئازادی

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خوێندکارانی سەرجەم زانکۆکانیش دەستیان بە خۆپیشاندانی سەر شەقام کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ١ی تشرینی دووەم لە ١٥هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریدا، خوێندکارانی سەرجەم زانکۆکانی ئێران جارێکی دیکە لە دژی کردەوە توندوتیژ و ستەمکارییەکانی ڕژێمی ئیسلامی هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 

بە پشت بەستن بەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، خوێندکارانی زانکۆی پەروەردە و زانستە پزیشکییەکانی شیراز، فاکەڵتی پزیشکی ددانی زانکۆی ئازادی تاران، زانکۆی فیردەوسی، زانکۆی زانست و تەکنەلۆجی ئیسفەهان، زانکۆی فیردەوسی مەشهەد، زانکۆی ئازادی کەرەج، زانکۆی خوارزمی کەرەج، زانکۆی زانست و هونەری یەزد، زانکۆی هونەری کرمان، زانكۆی هونەر و تەلارسازی پارس، زانكۆی دەرمانسازی مەشهەد، زانكۆی شەریفی تاران، زانكۆی زەنجان، زانكۆی رازی لە كرماشان، زانكۆی گیلان، زانكۆی تەبرێز و زانكۆكانی تری كوردستان و ئێران دەستیان بە چالاکی ناڕەزایەتی کردووە.

 

هەروەها ژمارەیەک خوێندکار لەچکەکانیان بەرز کردووەتەوە و بە وتنەوەی دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی، بێ شەرەف، مەرگ بۆ خامەنەیی، دەبێت زیندانی سیاسی ئازاد بکرێت، مەترسە هەموومان پێکەوەین، شارەکە لە خوێندا خنکاوە، خوێندکاران دەمرن سەرکوتی قبوڵ ناکەن" ڕژانە سەر شەقامەکان و سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەرانیان لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە شەرمەزار کرد.

 

ڕاپۆرته‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خوێندكاران له‌ هه‌ندێك شار له‌وانە گیلان و ڕ‌ەشت له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و سوپای پاسداران ته‌قه‌یان لێكراوه‌ و هه‌موو بانك و دوكانه‌كانیش بۆ مانگرتن داخراون.