پشتیوانیی ئەکادیمیست و لێکۆڵەرانی جیهان بۆ ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی ئێران

ئەکادیمیست و لێکۆڵەران لە سەرانسەری جیهانەوە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانیان لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی گەلی ئێران کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەکادیمیست و لێکۆڵەران لە هەموو جیهانەوە، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی ئێران کرد.

 

لە بەیاننامەکەدا کە نزیکەی هەزار توێژەر، لێکۆڵەر و ئەکادیمیستی ئێرانی و بیانی واژۆیان لەسەر کردووە، هاتووە: لە کاتێکدا ئێمە ئەم وشانە دەنووسین، شارەکانی ئێران ئاگریان گرتووە، ناڕەزایەتی گەورە لە هەموو گۆشەکانی ئێران بەردەوامە. خۆپیشاندەران لە دروشمەکانیاندا خوازیاری گۆڕانکاری بنچینەیی و کۆتایی هاتنی چوار دەیە حوکمڕانی تیۆکراتی و بێبەزەییانەن لە وڵاتەکەیاندا.

 

نووسەرانی ئەم بەیاننامەیە جەخت لەوە دەکەنەوە کە، "ئێمە پابەندین بە خەباتی گەل لە ئێران بۆ دادپەروەری و ئازادی"، ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە "توندوتیژیی سیستماتیکی حکومەت دژی ژنان لە ئێران" بهێنرێت.

 

لە نێو واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیەدا کەسایەتییە بەناوبانگەکانی زانکۆی ئێرانی و بیانی هەن کە بریتین لە: ئەنجێلا دەیڤس، جودیس باتلەر، ئیتیان بالیبار، کۆرنێل وێست و مایکل فیشەر.