لانیکەم ٥٠ خۆپیشاندەر کوژراون؛ دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێت

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند بەهۆی گرژی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم ٥٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماری قوربانییانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی حەوت ڕۆژی ڕابردووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دژی کوژرانی ژینا ئەمینی-مەهسا بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە لانیکەم ٥٠ خۆپیشاندەر لە شارە جیاوازەکان کوژراون.

 

هارکات دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی ناسراو لەلایەن ڕژێمەوە بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندانەکان زیاتر لە ٨٠ شاری بچووک و گەورەی گرتووەتەوە و بەردەوامە، زۆربەی کوژراوەکانیش لە شارەکانی بابۆل، ئامۆل و رزوانشارەوە تۆمارکراون، کە دەکەونە باکووری ئێران.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە وێنە و ڤیدیۆکاندا  ده‌ركه‌وتووە چەکدارەکانی ئێران ده‌مانچه‌یان به‌كارهێناوه‌ و هاوڵاتییانیان كردووەته‌ ئامانج، ڕێكخراوەکە داواش له كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەكات، كاردانەوەیان بەرامبەر ئەو بارودۆخانە هەبێت و ڕێگری لە كوشتنی بەكۆمەڵی خەڵكی ئێران بکەن.