مەنال محەمەد: شۆڕشی ڕۆژئاوا پێویستی به‌ دانپێدانان و پاراستنە ‌

مەنال محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندی و ڕێککەوتنی دیموکراتیک لە کۆنگرەی ستار، ڕایگەیاند کە لە پەیڕەوی سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژناندا هاتووە، دەبێت دان بە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوادا بنرێت و بپارێزرێت.

زهور ئەلمەشرەقی

 

تونس- شاندی ژنانی کورد لە سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان داوایان کرد هەموو ئەو کەسانەی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا تاوانیان کردووە دژی خەڵک، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

 

مەنال محەمەد، ئەندامی لیژنەی پەیوەندی و ڕێککەوتنە دیموکراتییەکانی کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەو بارەیەوە بۆ نوژنها دوا و وتی: لە چوارچێوەی پەیڕەودا داوای ئازادکردنی ژنانی ئێزدی و پەسەندکردنی ٣ی ئاب وەک ڕۆژی نێودەوڵەتی تێکۆشان دژی کوشتنی ژنان دەکەین.

 

"لەگەڵ ژنانی جیهان ئاستی چالاكییەكانی دژ بە هێرشكردنە سەر ژنان بەرز دەكەینەوە"

مەنال محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هەڵوێستی ڕوونیان لە دژی فاشیزمی تورکیا خستووەتەڕوو و وتی: لەگەڵ هەموو ژنانی جیهان ئاستی چالاکی هاوبەش دژی هێرشکردنە سەر ژنان بەرز دەکەینەوە، داوای بڕیاری ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی له‌ هه‌موو جیهان و لابردنی گۆشه‌گیری و سزای له‌سێداره‌دانیش دەکەین.

 

"دەبێت دان بە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بنرێت و بپارێزرێت"

مەنال محەمەد ڕایگەیاند، لە پەیڕەوی سێهەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژناندا ئاماژە بەوە کراوە کە شۆڕشی ڕۆژئاوا پێویستی بە دانپێدانان و پاراستن هەیە، چونکە شۆڕشی ژنانە، داواش کرا کە ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم ببێتە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ و هاوسۆزی لەگەڵ ژنان.