وشکەساڵی ئەسیوبیا هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ژنان

ژنان لە ناوچەی سۆمالیای ئەسیوبیا ڕووبەڕووی دەرئەنجامە کوشندەکانی خراپترین وشکەساڵی دەبنەوە کە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە بەردەوامی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ناوچەی سۆمالیای ئەسیوبیا بەهۆی ئەو وشکەساڵییە سەختەی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە لەو هەرێمەدا بەردەوامی هەیە، ژنان لە دۆخێکی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، لە دەرەنجامی وشکەساڵییەکەشدا زیاتر لە ٢٨٦ هەزار کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ناچاربوون کۆچبکەن بۆ ناوچەکانی دیکە.

 

شکستهێنانی کشتوکاڵی دانەوێڵە و گیانلەدەستدانی گیانلەبەران بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانی بە دانیشتوانی ناوچەکە گەیاندووە، زیاتر لە ١١٠٠ خوێندنگەش داخراون و ژنانی گەنج ناچاری هاوسەرگیری پێشوەختە و زۆرەملێ دەبنەوە، یاخود کارکردنی ناچاری و بە تایبەتی ڕووبەڕووی چەندین حاڵەتی توندوتیژی سێکسی و جەستەیی دەبنەوە.

 

ژنان، منداڵان و ڕزگاربووانی توندوتیژییە ڕەگەزییەکان دەستیان بە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێویست ناگات بۆ ژیانیان، لەوانە چاودێری پزیشکی و منداڵبوون، پشتگیری لە تازە لەدایکبووان و دایکەکانیان و خزمەتگوزاری پاراستن، چونکە دایکەکان لە دۆخێکی سەختدا منداڵیان دەبێت و بێبەشن لە ئاوی پاک و خواردنی تەندروست و خزمەتگوزاری پزیشکی پێویست.