ڕێگە نەدرا دۆسیەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی پێشکەش بە ڕێکخراوی OPCW بکرێت

دوێنێ لە هۆڵەندا چالاکی ئێشکگری دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەڕێوەچوو، بەڵام پۆلیسی هۆڵەندا ڕێگریکرد لەوەی دۆسیە و فایلی بەڵگە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پێشکەش بە OPCW بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە تا ٣٠ حوزەیران هەموو سێ شەممە و پێنج شەممەیەک چالاکی ئێشکگری لەبەردەم بینای ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی-OPCW لە هاگیوی هۆڵەندا بەڕێوەبچێت، لە چالاکییەکەدا هەریەک لە بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا، ناڤ بەل-NAV-BEL و دەم نەد-DEM-NED بەشداردەبن.

 

دوێنێش لە کوردانی ناوچەی بێنلوکس کە هەریەک لە هۆڵەندا، بەلجیکا و لوکسەمبۆرگ دەگرێتەوە، چالاکییەکەیان بەڕێوەبرد، بڕیاربوو چالاکوانانی ئینتەرناسیۆنالیست بەشداری چالاکییە ببن، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێکرا، لە کاتێکدا دەیانویست بە بەشدارییەکەیان دۆسیە و فایلێکی پڕ لە دۆکیۆمێنت و بەڵگە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێشکەشی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بکەن.

 

هەروەها شاندێکی دیکە بە پێشەنگایەتی یوکسەل کۆچ، هاوسەرۆکی کەجەدەکەى ئەوروپا هەوڵیاندا دۆسیە و بەڵگەکان پێشکەش بە ڕێکخراوەکە بکەن، بەڵام دووبارە لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگرییان لێکرا، ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا، کە دەزگا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بە تایبەتی OPCW بووەتە هاوکار و بەشدار لە هێرشی چەکی کیمیاییدا بۆ سەر گەلی کورد.