دژی یاسای لە باربردنی منداڵ لە ئەمریکا خۆپیشاندان کرا

بڵاوبوونەوەی دۆکیومێنتێکی دزەکراو دەربارەی یاسای مافی لەباربردن لە ئەمریکا خۆپیشاندان و تووڕەیی ژنانی لە بەردەم دادگای باڵا لێکەوتەوە و ژنانیش نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی ئەمریکا لە بەردەم دادگای باڵای ئەمریکا لە واشنتۆن خۆپیشاندانی جەماوەرییان ئەنجامدا و پۆستەرەکانی ناڕەزایەتییەکان دژی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵان بەرزکردەوە، ژنانی گەنج و خوێندکارانی کۆلێژ و زانکۆکان بەشداری گردبوونەوەکەیان کرد و دروشمی "بەسە دواکەوتووی و بیری کۆنەپەرستی"یان دەوتەوە.

 

ئەم گردبوونەوەیە لەدوای ئەوە دێت کە بەشێکی دادوەران لە دادگای باڵای ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری "رۆڤی وید" ساڵی ١٩٧٣ یان کرد، کە بەپێی دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکان پارێزگاری لە ئازادی ژنانی دووگیان دەکات بۆ هەڵبژاردنی لەباربردنی منداڵ بەبێ سنووردارکردنی حکومەت، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەشنووسێکیان ئامادە کردووە.

 

ڕوون نیە کە ئایا ڕەشنووسەکە ڕەنگدانەوەی بۆچوونی کۆتایی دادگای باڵایە یاخود نا، هەروەک دادوەرەکان پێشتر بیروڕای خۆیان گۆڕیوە لە کاتی داڕشتنی پرۆسەی حوکمەکان، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە زۆربەی دادگاکە لەسەر تەختەی یاسای ئەمریکا دەوەستێت، چونکە ئەگەر دادگا بڕیاری رۆڤی وید هەڵوەشێنێتەوە ڕێگەیان پێدەدرێت کە لەباربردنی منداڵ قەدەغە بکەن.

 

ئەمانەش بووە هۆی ناڕەزایەتی ژنان و نیگەرانی لێکەوتەوە، چونکە ئەگەر دەستدرێژی بکرێتە سەریان ئەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە و هیچ کەسێک یارمەتییان نادات، بۆیە لە ئێستادا ژنانی گەنج ترسیان لە داهاتوویان هەیە، بەشێک لە ژنانیش باسیان لە گرفتەکانی خۆیان کرد و نیگەرانی ئەوە بوون کە ئەوان دەبنە قوربانی ئەو بڕیارە.