پیاوێک هێرش دەکاتە سەر ماڵێک و ٤ کەس دەکوژێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی چەمچەماڵ پیاوێک هێرشدەکاتە سەر ماڵی خەزووری و هاوژینەکەی و سێ کەسی دیکەی ماڵەکە دەکوژێت، دایکی هاوژینەکەشی بە سەختی بریندار دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی سەنگاوییەکان لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، پیاوێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خێزانی هاوژینەکەی و دەستڕێژی گولـلەیان لێدەکات، بەهۆیەوە چوار کەسی خێزانەکە دەکوژێت کە دوانیان ژنن و ژنێکی دیکەش بریندار دەکات.

 

دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکە، بکوژەکە هاوژینەکەی و سێ کەسی دیکەی ئەو خێزانە دەکوژێت، هاوکات دایکی هاوژینەکەی بە سەختی بریندار دەبێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا، مەریوان ئەحمەد، ئەندامی ئەو خێزانە ئاماژەی بەوەداوە کە خوشکەکەی و هاوژینەکەی ماوەی شەش مانگە کێشەیان هەبووە و خوشکەکەی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی دایکی.

 

مەریوان ئەحمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تاوانبارەکە پلەی نەقیبنی هەیە لە بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی فریاکەوتنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و لەلایەن ڕەمەزان دێکۆنی، ئامر لیوای سێی بەرگریی فریاکەوتن، داڵدەدراوە و ڕادەست نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی نووسراوی دادگاشی بۆچووە"

 

دوای ڕووداوەکەش تەرمی کوژراوەکان گەیەندراونەتە پزیشکی دادی سلێمانی.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمەڵکوژکردن لەلایەن پیاوانەوە لە چوار پارچەی کوردستان بوونی هەیە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیاوێک چوار ژنی بنەماڵەکەی دەکوژێت، چالاکوانان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤیش هۆکاری کۆمەڵکوژییەکان دەگەڕێننەوە بۆ خراپی باری ئابووری، سەروەرنەبوونی یاسا و داڵدەدانی بکوژان لەلایەن دەسەڵاتەوە.