داوادەکرێت پەلە بکرێت لە گەڕانەوەی عێراقییەکانی کامپی هۆل

داوا دەکرێت پەلە بکرێت لە ڕێکارەکانی تایبەت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم خێزانە عێراقییەکانی کامپی ھۆڵ بۆ سنووری نەینەوا.

ناوەندی هەواڵ

 

کامپی هۆل کە دەکەوێتە شاری حەسەکە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، مەترسیدارترین کامپی جیهانە و بەگوێرەی دوایین ئاماری خۆبەڕیوەبەری، ٤٢ هەزار و ٧٨١ ئەندامی خێزانەکانی داعش لەو کامپە دەژین، لەوانەش ١٩ هەزار و ٥٣٠ کەسیان عێراقین و ١٦ هەزار و ٧٧٩ کەسیان سوورین و شەش هەزار و ٤٦١ـیان بیانین، هەروەها ناسنامەی ١١ هەزار کەسیان نادیارە و نەزانراوە.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی کامپی هۆڵ ڕایگەیاند، لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی دۆسێيەى کامپی ھۆڵ بە ئامادەبوونی وەزیری کۆچ و کۆچبەران و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبوەتەوە، دواین ڕێکار و ھەنگاوەکانیان تاوتوێکردووە تایبەت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم خێزان و کەسوکاری داعشە عیراقییەکان کە لە کامپی ھۆڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن.

 

ڕاشیگەیاندووە، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردراوە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی تایبەت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم خێزانە عێراقییەکانی کامپی ھۆڵ بۆئەوەی لە کامپی جەدعە لە سنووری پارێزگای نەینەوا نیشتەجێ بكرێن بە مەبەستی تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە.