دیجلە ئەحمەد: کامێرای ئێمە لە بەرامبەر هێرشەکاندا نامرێت

ڕۆژنامەنووس دیجلە ئەحمەد تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان و وتی: بە پێنووس و کامێرای هەڤاڵانمان شۆڕش دەگەیەنینە سەرکەوتن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- ڕاگەیاندن کە بە دەسەڵاتی چوارەم لە جیهاندا پێناسە کراوە، لە ئێستادا وەک دەسەڵاتی یەکەم دادەنرێت، هەر بۆیە دەبینین هەموو هێزەکانی ئێستا لە ڕێگەی دانوستانەوە هەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان دەدەن، بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا هەمان میتۆد بەکاردەهێنێت و تەنانەت دەیەوێت بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی کورد پلانەکانی خۆی بشارێتەوە.

 

دەوڵەتی تورکیا ماوەیەکی زۆرە سەرکردەکانی گەلی کورد لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوای کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکاتە ئامانج و هێرش دەکاتە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کار بۆ بەڵگەنامەکردنی جینۆساید و هێرشە داگیرکەرییەکان دەکەن، دەکرێنە ئامانجی بۆردومان و دەستبەسەردەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن، بەتایبەت لە ئێستادا لە باشووری کوردستان ئەو میکانیزمە جێبەجێ دەکرێت، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی داگیرکاری و خیانەتەکەی ئێستا ئاشکرا دەکەن، ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە.

 

ڕۆژنامەنووس دیجلە ئەحمەد هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی سەر ڕاگەیاندنەکان کرد و لە هەمان کاتدا هەڵوێستی خۆی دەربڕی.

 

"کورد بووەتە بەشێک لەو گۆڕانکاریانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن"

دیجلە ئەحمەد دەربارەی بارودۆخی جیهان و گەلی کورد وتی: ئەگەر خەڵک گرنگی بە پرۆسەکە بدەن، دەبینین کە جیهان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و سەربازیدا بەرەو داڕمان دەڕوات، ئێمە وەک کورد، جێگای خۆمان لەو ڕاستییەدا دەگرینەوە کە کوردستان بە هێرشی جینۆسایددا تێدەپەڕێت و ئەمەش لە لایەن ئەو زلهێزە هەژموونگەرانەوە ڕوودەدات کە بەرژەوەندییان لە لەناوبردنی کورد هەیە، لەم بابەتەدا دەوڵەتی تورک بۆتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی پلان و هێرشە جینۆسایدییەکان بۆ سەر گەلی کورد، بەڵام بە تایبەتی لەم قۆناغەدا دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە دۆخی کورد جیاوازە، ئەمڕۆ شۆڕشێکی وامان هەیە کە پشت بە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ دەبەستێت و لە سایەی ئەوەوە ١٢ ساڵ شۆڕشمان تەواو کردووە، لە بنەڕەتدا جینۆسایدی کورد لەم سەدەیەدا بە پیلانگێڕی دژی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، ڕاستە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکراوە، بەڵام ئەو هێزانە کە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ وەک هەڕەشە دەبینن، بڕیاریان داوە لەناوی بەرن هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لەم ١٢ ساڵەدا، ئەم هێزانە هەمیشە سیاسەتی خۆیان بۆ لەناوبردنی شۆڕش و ئایدۆلۆژیاکەی گۆڕیوە هەروەها شێوازی سەربازی، سیاسی، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن، بەڵام باوەڕی گەلی کورد کە باوەڕی بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و شۆڕشەکەی هەیە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە دەبنەوە.

 

"ڕاپەرین لە ناوەندی هێرشەکاندایە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات"

دیجلە ئەحمد سەرنجی بۆ ئەو کردەوە و هێرشانە ڕاکێشا کە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسانی کورد بوونەتەوە و وتی: وەک مەیدانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن، ئەو خاڵانە لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش دەکەین و ڕاستی ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن هاوبەش دەکەین، بە تایبەت ئێستا کە دەوڵەتی تورکیا دەسەڵاتی خۆی بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان داوە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەدواداچوون بۆ لەشکرکێشی دەکەن و هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەدەن بوونەتە ئامانجی ئەوان.

 

ڕۆژنامەنووسان بە بەکارهێنانی ئامێری تەکنیکی ئەشکەنجە دەدرێن و سووکایەتییان پێدەکرێت، لەبیرمان نەچێت زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لەلایەن پەدەکەوە کوژراون ئەوانە بوون کە ڕفێندراون و هیچ زانیارییەکیان دەربارەی نەزاندراوە، لە هەمان کاتدا هەمان هێرشەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدەن کە ساڵێک لەمەوبەر پەیامنێری ئانها شەهید بوو، هەروەها تیمەکانی ڕۆناهی و ستێرک تیڤی لە کۆبانێش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردومان کران، ئەم کردەوانە تەنها لەکوردستان ڕوونادەن، ماوەیەک لەمەوبەر لەئەوروپا هێرش کرایە سەر ناوەندی تەلەفزیۆنی ستێرک، جگە لەوەش ساڵانێکی زۆرە ئەم سیاسەتە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 

"دەنگمان هەمیشە بەرز دەبێتەوە دژی سیاسەتی بێدەنگی"

ڕۆژنامەنووس دیجلە ئەحمەد کاردانەوەی خۆی بە شێوەیەکی ڕوون دەربڕی و وتی: ئەگەر ڕوونکردنەوەیەک هەبێت بۆ ئەم کردەوانە و هێرشکردنە سەرمان، دەڵێین لە کامێراوە ڕاستییەکانیان دەردەخەین، لەو پێنووسەوە کە کردەوەکانیان نووسیووە و لە ئەو دەنگەی کە ئەوان بە ڕوونی لێی دەترسن، لەم ڕووەوە ئێمە وەک پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسانی کورد دان بە بەربەستەکاندا نانێین، لە هەر پارچەیەکی کوردستان هەوڵی بێدەنگکردنی ناڕەزایەتی بدەن، ئێمە لە بەشێکی تردا دەنگ بەرز دەکەینەوە، هەروەک چۆن لە چوار پارچەی کوردستان هێرشی جینۆساید هەیە، لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەنووس هەیە کە ئەرکی سەرکەوتنی شۆڕش و بەڵگەنامەکردنی لەناوبردنی گەلەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.

 

مەرجەکان چۆن بن کامێراکەمان ناکوژێتەوە و پێنووسەکەمان وشک نابێتەوە بۆیە ئێمە لەگەڵ گەلەکەمان کاری گەورە و گرنگ ئەنجام دەدەین و شۆڕش دەگەیەنینە سەرکەوتن، لە ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ و سەربەخۆیی کوردستان و ئازادی کۆمەڵگەوە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ گەل دەبین و مۆرکی خۆمان لەسەر سەرکەوتن دادەنێین.