دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لە بەرلین دەستیپێکرد

دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لە بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا، بە دروشمی "شۆڕشی ئێمە: ئازادکردنی ژیانە" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپکرد و تیایدا ٨٠٠ ئەندام لە ٤١ ولاتە بەشداریان تێدا کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە زانکۆی تەکنیکیی بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا، دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان، کە لەلایەن تۆڕی ژنی ئایندەوە ڕێکخرابوو، بە بەشداری ٤٠٠ ئەندام لە ژنانی ٤١ وڵاتی جیهانەوە بە دروشمی دروشمی "شۆڕشی ئێمە، ئازادکردنی ژیانە" دەستیپێکرد.

 

ژنان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و نەتەوەیی خۆیانەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بوون و دروشمی جیاوازی ژنانە لە هۆڵی کۆنفرانسدا بەدیدەکرێت.

 

وتاری کردنەوەی کۆنفرانس بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن مەلیکە یاشار، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا "TJK-E" خوێندرایەوە، لە سەرەتادا ژینا ئەمینی، کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە کوژرا و ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کە لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان بەدەستی دەوڵەتی تورک شەهید کرا بەبیرهێنرایەوە و وتی: ئێمە خۆمان بڕیار دەدەین کە چۆن لە داهاتوودا بژین، ئێمە پێویستمان بە خەباتێکی بەهێزە بۆ لاوازکردنی سیستەم، کاتی ئەوە هاتووە هێز و وزەی خۆمان لە شوێنێک کۆبکەینەوە و هەنگاو بنێین.

 

مەلیکە یاشار بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی بە قسەکانی هێنا و پاشان دیمەنەکانی کۆنفرانسی یەکەم کە ساڵی ٢٠١٨ لە فرانکفۆرت بەڕێوەچوو، نمایشکرا.

 

کۆنفرانسەکە کە لە ڕۆژی یەکەمدا بە وتار بەڕێوەدەچێت، لە ڕۆژی دووەمدا بە چالاکییەکانی بەردەوام دەبێت.