دووەمین فێستیڤاڵی نیشتمانی نان: دایک نانی دا

دووەمین پێشانگای نیشتمانی نان لە بۆستانی دایکی کرمان بەڕێوەچوو، نان، وەک یەکێک لەیەکەم خۆراکەکان کە مرۆڤایەتی ئامادەی دەکات، مێژووەکەی بۆ "سەردەمی بەرد" دەگەڕێتەوە.

پەرژین سوڵتان

 

 کرمان- دووەمین فێستیڤاڵی نیشتمانی نان لە١٨ی تشرینی یەکەم بە بەشداری ٢٧ پارێزگا لەپارکی دایکی کرمان دەستیپێکرد و تا ٢٠تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت، بەرپرسان هیوادارن ساڵی داهاتوو لە قۆناغی سێیەمی فێستیڤاڵەکەدا سکرتاریەتی هەمیشەیی ئەم فێستیڤاڵە لە شاری کرمان بکرێتەوە.

 

دووەمین پێشانگای نیشتمانی نان لە کاتێکدا لەپارکی دایکی کرمان بەڕێوەچوو، کە سەردانکەران بۆ چوونە ناو شوێنی پێشانگاکە ڕووبەڕووی ڕیزێکی درێژ بوونەتەوە، ئەم پێشانگایە لە نێوان ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا بەڕێوەچوو، بەرپرسان وتیان: گەڕانی فیزیکی بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئارامی سەردانکەران ئەنجامدراوە، لەکاتێکدا سەردانکەران هەستیان بە ناڕازیبوون کردووە لە هەڵسوکەوتی پۆلیس، بۆچی دەبێت بە شێوەیەکی فیزیکی پشکنینیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بچنە ناو پارکەکەوە، تەنانەت هەندێک کەسیش بە بێڕێزی کردن بە خۆیان زانیوەو ڕەتیانکردەوە بچنە ناو پێشانگاکە.

 

یەکێک لە ژنە بەشدارەکان وتی: لە کاتی چوونە ناو پێشانگاکە، بیستنی دەنگی دڵگیرکەری مۆسیقا و ئامێرەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی ژنان و بۆنی نانی تازە هەستێکی خۆشی دەدا پێم، لێرە ژنان بە سەبرەوە نانیان دروست دەکرد، بەڵام دیسان ئەوەی کە بەرهەمی ڕەنجی ژنانی دەفرۆشت، پیاو بوو، هەروەک چۆن لە پەرتوکەکاندا لە کاتی خوێندندا کە وانەکانی "بابە نانی دا" و "بابە ئاوی پێداین"یان فێرکردین.

 

ڕەعنا. ل، خەڵکی گیلانەو جلی گیلەکی لەبەر کردووە و وتی: جۆراوجۆری خواردن و نانخواردن لە ناوچەکەماندا ئەوەندە فراوانە کە هیچ فێستیڤاڵێک ناتوانێت بیناسێنێت.

 

ڕەعنا، کە ساڵی ڕابردووش بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە، وتی: ئەمە فێستیڤاڵێکی نوێیە، لە پێشانگاکانی دیکەدا بەشداریم کردووە، بەڵام هەستی فێستیڤاڵەکە و ناسینی ژنانی ناوچە جیاوازەکانم پێ خۆشە، لە ساڵی ڕابردووەوە ژمارەیەک هاوڕێم لە پارێزگاکانی دیکەوە دۆزییەوە، ئێمە بە گواستنەوەی ئەزموونەکانمان یارمەتی یەکتر دەدەین.

 

سەلیمە، تەمەن ٦٣ ساڵ، خەڵکی کرمان، سەرپەرشتیاری دوو نەوەکەیەتی و چوار پێنج جۆر نانی لە کۆشکەکەیدا هەیە، وتی: خۆشحاڵم کە لەم فێستیڤاڵەدا ئامادەم و هیوادارم بە ناساندنی ئەو نانانەی کە هێناومە، بتوانم کڕیارەکان ڕابکێشم بۆ ئەوەی زیاتر داهاتم هەبێت، نان درووستکردن تاکە ڕێگایە کە بتوانم بژێوی ژیانم دابین بکەم.

 

بەڕێوەبەری گشتی میراتی فەرهەنگی، گەشتیاری و پیشەی دەستی کرمان لەڕێوڕەسمی کرانەوەی ئەم فێستیڤاڵەدا وتی: کرمان خاوەنی١٤٠ بەرهەمی تۆمارکراوی نەتەوەییە کە ٦ بەرهەم لەوانە پەیوەستن بە نان و شێوازەکانی دروستکردنی.