دوو ژن لە پۆستی باڵای هاتوچۆو پەروەردە لە سلێمانی دەستیان بەکار کرد

مامۆستا ڕۆزە ڕەئووف وەک بەڕێوەبەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵات، هەروەها موقەدەمی هاتوچۆ ئەسمەر عەبدولکەریم وەک لێپرسراوی نوێی ڕادیۆی ترافیک ئێف ئێم لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەستبەکار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

 

لە باشووری کوردستان سەرەڕای بەربەستەکانی بەردەم ژنان و قۆرخکردنی پۆستەباڵاکان لێیان، ژنان لە بەدەستهێنانی دەستکەوت و سەرکەوتنەکانیان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەشدا، لە سلێمانی دوو ژن لە پۆستی باڵادا دەستبەكاربوون.

 

ئەمڕۆ ١٠ی ئەیلوول، ژنێکی کورد بە ناوی مامۆستا ڕۆزە ڕەئووف وەک بەڕێوەبەری نوێی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵات لە شاری سلێمانی دەستبەکار بوو.

 

بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لە ٢١٪ـی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی پێک دەهێنێت، هەروەها زیاتر لە نۆ هەزار مامۆستا و خوێندکار لە سنوورەكەیان هەیە و بەڕێوەبەرایەتییەكە زیاتر لە ٢٨٧ خوێندنگە و باخچەی منداڵان لەخۆ دەگرێت.

 

 لە ٨ی ئەیلوولیشدا، موقەدەمی هاتوچۆ ئەسمەر عەبدولکەریم وەک لێپرسراوی نوێی ڕادیۆی ترافیک ئێف ئێم لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەستبەکار بوو.