دوو هاوسەرۆکی ژن لە ئامەد لەلایەن تورکیاوە زیندانیکران
لە دوای ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسی کە دەوڵەتی تورکیا لە ئامەد ئەنجامیدا دژ بە ژنان، دوێنێ سزای زیندانیکردنی بەسەر دوو هاوسەرۆکی ژندا سەپاند.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ دەوڵەتی تورکیا سزای زیندانیکردنی بەسەر هەردوو هاوسەرۆکی ژن نەجلا تامرش هاوسەرۆکی شارەوانیی چنار و سەڤاڵ گیولمەز هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد دا سەپاند.
هەڵمەتی دەستگیرکردنی ژنانی چالاکوان لە تورکیا بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا لەدوای ئەو ئۆپراسیۆنە پاکتاویە سیاسیەی ڕۆژی پێنجی نیسان لە دژی ژنان لە ئامەد ئەنجامیدا و لە ئەنجامدا ٢٦ ژن دەستگیرکران، دوێنێ بەهەمان شێوە دوو ژنی دیکەی چالاکوانی دەستگیر کرد.
ئەمەش لە کاتێکدا لە ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژناندا سزای زیندانییکردنی بەسەر شەش ژن لە ژنە دەستگیرکراوەکاندا سەپاند و ١٠ کەسی دیکەی بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازادبوون، یەکێکیش لە دەستگیرکراوەکان سزای زیندانیکردنی لە ماڵەوەدا بەسەردا سەپێنرابوو.
جگە لە نەجلا تامرش و سەڤاڵ گیولمەز دوێنێ هەر یەک لە ڕووکەن بەک ئاڵپ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئامەد، ئەمینە کایا چالاکوانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژا) و بەسیلە نارین هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە ناوچەی پایزئاوا، دادگایی کراون و بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کران.
هەروەها ماوەی دەستگیرکردنی هەریەک لە زەلال بیگین چالاکوانی تەژا، بەهار کاراکاش ئەندامی شارەوانیی گەورە شاری ئامەد، ئولوداغ و رابیعە تەکاس بە درێژکراوەیی مایەوە.
لە لایەکی ترەوە زەینەب ئایاکات لە نیوەشەودا ڕەوانەی دادگا کرا، لەدوای وەرگرتنی وتەکانی لە داواکاری گشتیی ئازاد کرا.
ت.پ