دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر بەنداوی تشرین: کێشەی ئاو بووە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی

بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر قەرەکۆزاخ و بەنداوی تشرین، کێشەکانی ئاو و پاکوخاوێنی زیاتر دەبن و بەکارهێنانی ئاوی بیرەکان مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی زیاتر دەکات.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ-دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەت دژی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ چڕتر کردەوە، بەهۆی ئەم هێرشانەوە مەترسی داڕمانی بەنداوەکە زیاتر دەبێت، ئەمەش کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی لە ناوچەکەشدا دروست دەکات.

 

"ژێرخانی ناوچەکانمان دەکرێتە ئامانج"

هەدلا کینجۆ، دانیشتووی شاری کۆبانێ، لە میانەی هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە، باسی لە ئازارەکانی کردو وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی ناوچەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، ماوەی دوو مانگە گەلی کۆبانێ و گوندەکانی ڕووبەڕووی کێشەی ئاو و کارەبا بوونەتەوە، ئەمەش بۆ بەئامانجکردنی بەنداوی تشرین و سەرچاوەی ئاوی ناوچەکەش دەگەڕێتەوە، داگیرکەری تورکیا هەموو جۆرە دڕندەیەک بەرامبەر گەل ئەنجام دەدات، هەروەها جیهان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بێدەنگن لە بەرامبەر ئەو کارانە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ئەرکی مرۆیی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو هێرشانە ڕابگرن، ئێمەی خەڵکی کۆبانی پێداگرین لەسەر ژیانێکی شکۆمەندانە، تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان، هەرگیز ڕادەست نابین.

 

ەنداوەکە لە خزمەتگوزاری دەرچووە و مەترسییەکانی کارەساتەکان لە زیادبووندایە"

ئایشە ناسر هاوسەرۆکی دەستەی وزەی کانتۆنی فورات ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە بەنداوەکە ناتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بکات و گەل تووشی کێشە دەبن وتی: بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا بەنداوی تشرین لە خزمەت دەرچووە، ئەمەش ئازارەکان زیاتر دەکات، وەک دەزگایەکی وزە هەوڵی زۆرمان داوە بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی هێرشەکانی سەر بەنداوەکەوە دروست بوون، بەڵام بەداخەوە تیمەکانمان لەلایەن فڕۆکەی سیخوڕی و شەڕکەرەوە کرانە ئامانج، دەوڵەتی تورکیا هێڵی سەرەکی کارەبای شاری کۆبانێی کردە ئامانج کە هێڵی ٦٦ە، ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی تورکیا هێرش بکاتە سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ناوچەکە، دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە پێشێلکردنی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەست بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکدا دەگرێت.

 

کاریگەرییەکانی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی تەندروستی لە ناوچەکە

خەملین بەکی، پزیشکی گشتی لە نەخۆشخانەی کۆبانێ، ئاشکرایکرد، بەهۆی بڕینی ئاو و کارەباوە، زۆر نەخۆشی لەناو دانیشتووانی کۆبانێدا بڵاوبووەتەوە، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات وتی: خەڵکی کۆبانێ بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، ئەمەش خەڵک ناچار دەکات ڕوو لە بیرەکان بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکان ئاوەکە بۆ خواردنەوە نابێت، لە ئەنجامدا زۆر نەخۆشیی بڵاوبوونەتەوە، وەک ژەهراویبوون، سکچوون، ڕشانەوە، تا و نەخۆشییەکانی پێستیش بڵاودەبێتەوە، لەم دواییانەدا نەخۆشخانەکان پێشوازییان لە نەخۆشییەکانی وەک زەردوویی کرد، هیچ ڕێگەیەکی تر نییە جگە لە بەکارهێنانی ئەم ئاوە بەو پێیەی ئاوی بەنداوەکە بڕاوە.

 

"ئازاری خەڵک بەهۆی کەمی ئاوی خواردنەوە خراپتر دەبێت"

زۆزان خەلیل، بەڕێوەبەری بەشی ئاو لە کۆبانێل باسی لە سەختی و ئازارەکانی خەڵک کرد لە دۆزینەوەی ئاوی خواردنەوە و وتی: لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، کارەبا و ئاو بۆ گەلی ناوچەکە پچڕا، ئەویش بەئامانجکردنی ئەو پەمپە ئاوانەی کە ئاو پەمپ دەکەن بۆ ناو شارەکە، هەوڵدەدەین بە بزوێنەری کاتی ئاو پەمپ بکەین، بەڵام ئەم شێوازە بەس نییە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ هەموو دانیشتووان، هەمانکاتدا هەوڵدەدەین لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاو بۆ خەڵک دابین بکەین و هەندێک لە سەختییەکانیان کەم بکەینەوە ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، هەموو پەمپەکانی ئاو لە خزمەتگوزاری دەردەچن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت قسە بکات چونکە بەردەوامی هێرشەکان خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕووی کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی دەکاتەوە.