دەوڵەتی تورك ڕێگەی بە سێ ژنی باشووری کوردستان نەدا بەشداری كۆنفرانسەكەی ئامەد بكەن

گوڵستان سەعید, پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە لە پاسپۆرتەکانمان ڕێگریمان لێکرا بچینە باكووری كوردستان و بەشداری کۆنفرانسی ئامەد بکەین، دەشڵێت، ھیچ توندوتیژی و چاو سوور کردنەوەیەک کار ناکاتە سەر ھێز و ئیرادەمان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ـی ئایاری ئەمساڵدا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان کۆنفرانسی "ژنانی پەرلەمانتاری باکووری کووردستان" بەڕێوەدەچێت، کە بە دەستپێشخەری تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" ڕێکدەخرێت، کە نزیکەی ٥٠ ژنی پەرلەمانتاری باشووری کوردستان لە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بەشداری تێدا دەکەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئاشتی و پێگەی ژن لە ناوەندی بڕیار.

 

گوڵستان سەعید پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستا لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە ڕێگری کردنیان لە ڕۆشتنیان بۆ باکووری کوردستان و بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی ئامەد پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی بەشداریی کردنمان لە کۆنفرانسی ئامەد بۆ باكووری كوردستان بەڕێ کەوتین، بەڵام دوای پشکنین و لێکۆڵینەوە لە پاسپۆرتەکان ڕێگریمان لێکرا و لەگەڵ نەسرین جەمال و هاوڕێیەكی دیكەمان بەناوی گوڵالە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستبەسەر كراین، دواتر پێیان ڕاگەیاندنین بە فەرمانی ئەنقەرە ناتوانین هیچ کات سەردانی باكووری كوردستان بکەین و ئێمەیان گەڕاندەوە بۆ باشووری کوردستان.

 

وتیشی: لە سایەی حوکمرانییەکی داپلۆسێنەر و ڕەگەز پەرستەوە، کە ئەوەی لە لای گرنگ نییە مافی مرۆڤە، ئێمە لە چ شوێنێک بین پشتیوان و خەمخۆری گەل و نیشتیمانین، ھیچ توندوتیژی و چاو سوور کردنەوەیەک کار ناکاتە سەر ھێز و وەفا و ئیرادەمان.