دوای هێرشە جیهادییەکان زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی لە شاری حەلەب کۆچیان کرد

ئێزدییەکان لە حەلەب ڕووبەڕووی هەڕەشەی جینۆساید دەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە زۆر کۆچکردن و ڕفاندن و چارەنووسی نادیاری خێزانەکانە دوای هێرشی جیهادیەکانی هەتەشە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای هێرشی جیهادیەکانی هەتەشە و چەتەکانی تورکیا زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی لە شاری حەلەب کۆچیان کرد و چارەنووسی زۆر کەسی دیکەش تا ئێستا نادیارە.

 

ئەو هێرشانەی لە ٦ی کانوونی دووەمەوە لە لایەن جیهادیەکانی هەتەشە و چەتەکانی تورکیا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب دەستیان پێکرد، دەیان هەزار دانیشتووی شاری حەلەبیان ناچار کرد ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، ئەم هێرشانە بووە هۆی کوشتن و ڕفاندن و کۆچکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە کە کورد و سریانی و ئێزدین لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید.

 

لە ئەنجامدا ئێزدییەکان ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپی مرۆیی و ئاسایشی بوونەتەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تا ئێستا پێنج ئێزدی ڕفێندراون و ڕاگیراون، ئەمە جگە لە دیارنەمانی بنەماڵەیەکی ئێزدی حەوت کەسی ناسراو بە بنەماڵەی "نبو".

 

بەپێی زانیارییەکان، حەسەن نبو و دایک و هاوژینەکەی و چوار منداڵەکەی لە شەممەی ڕابردووەوە بێسەروشوێنن، ئەو خێزانە سەرەڕای پەرەسەندنی هێرشەکان بڕیاریان دابوو لە شاری حەلەب بمێننەوە، هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا نزیکەی ٨٠٠ خێزانی ئێزدی، واتە نزیکەی ٥ هەزار کەس ناچاربوون بەرەو گوندەکانی عەفرین کۆچبکەن، جگە لەوەش چەکدارانی هەتەشە "ماڵی ئێزدی"یان لە شاری حەلەب تاڵان کرد، ئەمەش ئازاری هاوڵاتیانی مەدەنی توندتر کرد و ژیانی ئەوانی خستە مەترسییەوە.