داوا دەکرێت کەموکورتییەکانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر بکرێت

دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا یاداشتێکیان سەبارەت بە کێشە و کەموکورتییەکانی نەخۆشخانەی هیوا خوێندەوە و داوایانکرد فشار لەسەر دەسەڵاتێک بکرێت بۆ چارەسەری کێشەکان.

سلێمانی

 

دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا لە ١٠ی نیساندا خۆی ڕاگەیاند، پێکدێن لە کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوی ژنان و مافی مرۆڤ و ئامانجیان فشار خستنەسەر حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارە تا کێشە و کەموکورتییەکانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر بکرێت.

 

دەستەکە یەکێک لە چالاکییەکانی چادر هەڵدان بوو لەبەردەم نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، کە پاشنیوەڕۆی دوێنێ ١٦ی ئایار چادریان هەڵدا و شەونخونییان کرد وەک پشتیوانییەک لە نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا یاداشتێکیان خوێندەوە.

 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بەهار مونیز، ئەندامی دامەزرێنەری دەستەی داکۆکیکارانی نەخۆشخانەی هیوا یاداشتەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بە نەبوونی خەرجی دەرمانی نەخۆشەکان کرد، چونکە نرخی دەرمانەکان زۆر گرانە و نەخۆش توانای کڕینی نیە، یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی باسیان لێوەکرد بچوکی نەخۆشخانەی هیوا بوو کە شوێنێکی بچوک و هەژمارێکی زۆری نەخۆشی شێرپەنجە ڕووی تێدەکەن.

 

یاد نەقشبەندی بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی ٦ مانگە داوای دەرمان و پێداویستی نەخۆشەکان دەکەن بەڵام هەتاوەکو ئێستا لەلایەن هیچ بەرپرسێک و حکومەتەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە و داوای پاڵپشتی هاوڵاتیانی کرد بۆ نەخۆشخانەی هیوا.

 

 چرۆ شوانی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکارانی خۆشخانەی ھیوا بە ئاژانسی نوژنهای وت: "دەمانەوێت فشار دروستبکەین تاکو ئەو بودجەی بۆ نەخۆشخانی هیوا دابینکراوە بە پێی پێداویستییەکانی بۆی خەرجبکرێت، نەک بە پێی ڕێککەوتنەکانی حوکمەتی هەرێم و ناوەند."

 

چرۆ شوانی باسی لەوەشکرد ژمارەکەی زۆر نەخۆش لەناو نەخۆشخانەی هیوایە کە ژینگەیەکی گونجاویان نییە و حوکمەتی عێراقیش هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات و بودجەی پێویستیان بۆ دابین ناکات.