دەستپێشخەریی ژن: پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان بە فەرمی وەک لایەنێکی سەرەکی و یەکسانی دانوستانەکان بناسرێت
دەستپێشخەری ژن بە ڕاگەیاندراوێک داوای خوێندن بە زمانی دایک، لابردنی قەیومەکانیان کرد و وتیان: وتی: پێداگری لەسەر ئاشتی دەکەین و پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان بە فەرمی وەک لایەنێکی سەرەکی و یەکسانی دانوستانەکان بناسرێت.
ناوەندی هەواڵ
دەستپێشخەریی ژنی "پێویستم بە ئاشتییە" بە دروشمی "پێداگری لەسەر ئاشتی دەکەین" لە زۆرێک لە شارەکان و بە تایبەتی لە ئیستەنبوڵ و ئامەد ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی بۆ ڕاگەیاندنەکان خستە ڕوو، ژنان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی دیموکراتیک و هەمیشەیی بانگەوازیان لە حکومەت و پەرلەمانی تورکیا کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکاندا کە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنانیش بەشدارییان تێداکرد، ڕاگەیاندرا کە لە پرۆسەی پەرلەماندا داخوازییەکانی ژنان لەبەرچاو نەگیراون.
لە ئامەد ڕاگەیاندراوەکە بە کوردی لەلایەن سەرۆکی کۆمەڵەی ژنان ڕۆزا زەینەب سیپچیکەوە خوێندرایەوەو باس لەو داخوازییە سەرەکییانە کرا کە بە ڕاپۆرتێک دەستپێشخەرییەکە پێشکەشی پەرلەمانی کردوون.
با زیندانییانی سیاسی ئازاد بکرێن
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕاگەیاندرا کە پێویستە کۆتایی بە بەتاوانبارکردنی سیاسی بهێنرێت، بە تایبەتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەموو ئاستەنگییەکانی بەردەم ئازادیی بیروڕا و ڕێکخراوبوون لاببرێن. ژنان داوای ئازادکردنی زیندانییانی سیاسییان کرد.
دەستپێشخەرییەکە داوای کرد کە کۆتایی بە سەپاندنی قەیوم لەسەر شارەوانییەکانی دەم پارتی بهێنرێت و ئەو مەرسوومانەی سەرۆککۆمار کە لە ماوەی باری نائاساییدا ڕاگەیاندرابوون، هەڵبوەشێنرێنەوە.
هەروەها ژنان ڕەخنەیان لەو ئۆپەراسیۆنانەش گرت کە دژی شارەوانییەکانی جەهەپە ئەنجام دەدرێن و داوایان کرد کە کەسانی هەڵبژێردراو بگەڕێنرێنەوە سەر کارەکانیان.
پەروەردە بە زمانی دایک و خزمەتگوزارییە گشتییەکان
ژنان بەتایبەتی ئاماژەیان بەوە کرد، لە شارەکانی باکووری کوردستان، ئەو کۆسپ و ڕێگرییانەی دەخرێنە بەردەم زمان لە خزمەتگوزارییەکانی تەندرووستی و پەروەردەدا، دەبنە هۆی درووستبوونی کێشەی جددی. لەبەر ئەوەش داوا دەکەن کە مافی پەروەردە بە زمانی دایک بە فەرمی بناسرێت و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش بە چەند زمانێک پێشکەش بکرێن.
دانوستان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی یەکساندا
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، پێویستە کۆمەڵگە و ڕێکخراوەکانی ژنان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداربن، هەروەها داوا کرا، ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام دەدرێن، لە هەلومەرجی یەکساندا بەردەوام بن.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێویستە گۆڕانکاریی یاسایی وا بێتە کایەوە کە عەبدوڵا ئۆجالان وەک لایەنێکی سەرەکی و یەکسانی دانوستانەکان، بە فەرمی بناسرێت.
دەستپێشخەرییەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی شەڕ داوای کرد، "کۆمیسیۆنی ڕاستی و ڕووبەڕووبوونەوە" دابمەزرێت.