دەشنێ موراد: ڕێگریکردن لە توندوتیژی پێویستی بە کردار هەیە

دەشنێ موراد ڕایگەیاند، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی توندوتیژی دژی ژنان خەڵک کۆدەکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی ڕەگەزیی، دەشڵێت، ڕێگریکردن لە توندوتیژی زیاتر لە قسەی دەوێت و پێویستی بە کردار هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەشنێ موراد چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوەو وتی: هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی چالاکیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵمەتێکی جیهانییە کە هەموو ساڵێک لە ٢٥ـی تشرینی دووەمەوە دەست پێدەکات و بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵمەتە خەڵک کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی داوای کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی ڕەگەزیی بهێنرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو گفتوگۆیە و ئەو هەموو هۆشارییە کە ئەنجام دەدرێت لە هەر سێ ژن لە جیهاندا یەکێکیان هێشتا لە ژیانیدا تووشی توندوتیژی دەبێتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی، لە کاتی قەیرانەکاندا ژمارەی توندوتیژییەكان زیاتر بەرز دەبێتەوە و لەكاتێكدا دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، بەڵام ڕێگریکردن زیاتر لە قسەی دەوێت و پێویستی بە کردار هەیە. هەرچەندە ساڵانە باسی ئەو بابەتە دەکەین بەس گۆڕانکاریی نییە و ئەمساڵ پێویستە جیاواز بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە تەنها لە هۆشیارکردنەوە تێپەڕین و دەست بکەین بە پرسیار، کە دەتوانین چ کارێک بکەین بۆ ئەوەی بەڕاستی پشتگیری لە ڕزگاربووان بکەین و چۆن دەتوانین بەرەنگاری ئەو پێوەرە زیانبەخشانە بینەوە کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی توندوتیژی دەدەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا دەشنێ موراد وتی: کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی واتە هەنگاونان، نەک تەنها بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ بەڵکوو هەموو ڕۆژێک. کەواتە با ئەمساڵ بکەینە دەستپێکی ئامانجەکە و با هەنگاو بنێن چونکە بەسە. کۆتایهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان بەرپرسیارێتی کەسێکی تر نییە و ئەو ئەرکە لەسەر هەموومانە .