بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٤ پلە لە هاتای ڕوویدا

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٤ پلە لە ناحیەی دیفنێی هاتای ڕوویدا، ئەو بوومەلەرزەیە لە شار و ناوچەکانی دەوروبەری هەستی پێکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دووشەممە دەستەی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاکەوتن (ئافاد) ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٤ پلە پارێزگای هاتای تورکیا لە نزیک سنووری سوریا هەژاند، بەپێی ڕاپۆرتی ئافاد، ناوەندی بوومەلەرزەکە ناحیەی دیفنێ بووە،  پاشان بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٥.٨ پلە لە ناحیەی سامانداغ هاتای تورکیای هەژاند، هەروەها بوومەلەرزەکان لە سوریا، میسر، لوبنان، عێراق، فەلەستین و ئوردن هەستیان پێکراوە.

 

شایەتحاڵانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەندێک بینای زیانیان بەرکەوتووە لە دوو بوومەلەرزە گەورەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر،  دەسەڵاتداران لە دەوروبەری بینا زیانلێکەوتووەکان پشکنینان کردووە تا خەڵک لەو ناوچانە دووربخەنەوە، کە لە ئێستادا بەهۆی کارەساتەکانی پێشووەوە وێران بوون.