کۆیە، خەڵاتی خوشکە فریشتە بەسەر ژنانی تێکۆشەردا دابەش کرا

لە مەراسیمێکدا لە شاری کۆیە، خەڵاتی خوشکە فریشتە بەسەر ژنانی تێکۆشەردا دابەشکرا، کە ساڵانێکە لەپێناو ماف و ئازادی ژناندا تێکۆشانیان کردووە.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی کۆیە سات کۆمەڵەی ئافرەتانی کۆیە سەر بە حزبی شیوعی کوردستان، لە مەراسیمێکدا خەڵاتی "خوشکە فریشتە" بەخشرایە ژنانی تێکۆشەری شاری کۆیە و دەوروبەری، کە ساڵانێکە لەپێناو بەرگریکردن و بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی ژنان خەباتیان کردووە.

 

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، دواتر ژیاننامەی خوشکە فریشتە بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، لە سینەفزیۆنێکدا پەیام و قسەکانی ئەو ژنە تێکۆشەرە نمایش کرا.

 

لە بەشێكی دیکەی مەراسیمەکەدا بڕوانامە بەخشرایە ئەو ژنانەی لە خولی درووماندا بەشداریان کردووە، کە ژمارەیان ٨٦ ژن بوون و لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا لە شاری کۆیە بەشداری خولی دروومانیان کرد، کە لەلایەن کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان-کۆیە کرابووەوە.

 

خوشكە فریشتە کێیە؟

خوشکە فریشتە ناوی تەواوی، خەدیجە خانی مستەفا ئاغای حەوێزییە، لە ساڵی ١٩٢٦ لە شاری كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایكبووە، خوشکە فریشتە شاعیر و نووسەر و پێشمەرگە بوو، سەرەتا بە شیعری كۆمەڵایەتی دەستیپێكردووە و لە ساڵی ١٩٤٣ یەكەم شیعری نووسیوە، شیعرەكانی هەڵگری چەمك و مانای سیاسی و كۆمەڵایەتی گەورەن و لە زۆرینەیاندا، پەیامی شیعرەكانی ئاڕاستەی ژنان كردووە.

 

لە ساڵانی ١٩٥٠دا کۆمەڵەی بەرگری لە مافی ژنانی دامەزراند و هەر لە تەمەنی گەنجییەوە بەشداری چەندین چالاكی كردووە، بە تایبەتی خۆپیشاندانەكانی شاری كۆیە، کە لە سەردەمی پاشایەتیدا دژ بە دەسەڵاتی ئینگلیز و حوكمی پاشایەتی ئەنجام دەدران.

 

دوای بەشداریکردنی لە شۆڕشەکانی باشووری کوردستاندا، لە ساڵی ٢٠٠٧ لە كۆیە خەڵاتی سەید برایمی وەك كەسایەتیەكی ژنی تێكۆشەر وەرگرتووە، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، کۆچی دواییکرد.