ناوەندی مافی مرۆڤ: حوسییەکان لە یەمەن پێشێلکاری و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن

دوای ئەوەی حوسییەکان دەستیان بەسەر یەمەندا گرت، هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی نامرۆڤانەیان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامدا، لەوانە کوشتن و ئەشکەنجەدان و لەناوبردنی موڵک و ماڵی تایبەت و گشتی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتێکی نوێ، کە ٢٩ی کانوونی دووەم ناوەندی زانیاری و چاکسازیی مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو پێشێلکارییانەی حوسییەکان بەرامبەر خەڵکی مەدەنی ئەنجامیان داوە، ئازاری زۆریان لێکەوتووەتەوە، دوای ئەوەی ٧٨ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و ١١٣ کەسی دیکەش برینداربوون، ٢١٨ خێزان ئاوارەبوون، جگە لەوەی ٤١٢ موڵکی گشتی و تایبەت زیانیان بەرکەوتووە.

 

بە پێی ئامارەکە لە ئەنجامی بۆردوومان و قەناس بەدەست و مین و لەناوبردنی فیزیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆپەراسیۆنی ڕاوەدونانەوە ٢٢ منداڵ و پێنج ژن گیانیان لەدەستداوە، ٤٣ منداڵ و ٨ ژن لە ئەنجامی برینێکی قورسدا تووشی برینێکی جیاواز بوون، کە بەهۆی بۆردوومانی گەڕەکەکانەوە کراونەتە ئامانج.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە حوسییەکان ١٢ هاوڵاتی مەدەنییان ڕفاندووە و یەکێکیان ئەشکەنجە دراوە، گەمارۆ و بۆردوومان و شەڕەکان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ٢١٨ خێزان، ٦ موڵکی گشتی و ٣٨٢ موڵکی تایبەتیان لەناوبردووە، لەوانە مزگەوت و قوتابخانە، نەخۆشخانە و ماڵ و دوکان و ئۆتۆمبێل.

 

هەروەها لە تەعز کۆمەڵکوژییەکی خوێناوی ئەنجامدرا، دوای ئەوەی ماڵیک بە هاوەن کرایە ئامانج، پێنج هاوڵاتی مەدەنی کە چواریان منداڵ بوون کوژران و ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون، لە ڕووداوێکی تری پڕ لە نهێنیدا سێ هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە تیرۆر کراون.

 

ڕاپۆرتەکە حوسییەکان بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لەم پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ لە تەعز و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە و هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی پێشکەش بەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە.