هاوپەیمانی نادا: نەخێر بۆ جینۆسایدی ژنان، ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی بە نموونە
هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا-نادا هاودەنگی کەمپەینی کەژەکەن و پشتیوانی بۆ ژنانی شەنگال و ئەفغانستان ڕاگەیاند، کە بۆ بەرگریکردن لە بوون، ئازادی، ژیان و گەلەکەیان تێکۆشانیان کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا-نادا، بەبۆنەی ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر پێویستی خەباتی هاوبەشی کاریگەر و چارەنووسسازانەی ژنان لە دژی سیاسەتەکانی جینۆساید و قڕکردنی ژنان کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا، بە ناونیشانی "نا بۆ جینۆسایدی ژنان، ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی بە نموونە" تێیدا هاتووە، "٩ی تەمموز ڕێکخراوی ژنانی کوردستان-کەژەکە هەڵمەتێکی بە دروشـمی "دژی هێرشەکانی پیاوسالاری باڵادەست، ئێمە لەگەڵ ژنانی شەنگال و ئەفغانستانین" ڕاگەیاند، کە لە ٣ی ئابی ٢٠٢٣ دەستپێدەکات و تا ١٥ی ئاب بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی بەردەوام دەبێت، ئێمەش لە هاوپەیمانی نادا، بە باوەڕبوون بە گرنگی ئەم هەڵمەتە، پشتیوانی خۆمان و بەشداریی کارامان لەم هەڵمەتەدا بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین، لەم بۆنەیەدا هەموو ئەو کەسانەمان لەبیرە کە لە کۆمەڵکوژییەکەی شەنگالدا گیانیان لەدەستدا، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دڕندانەیە دەکەین کە دژی ژنان و منداڵان بە تایبەتی، و دژی گەلانی دێرین بە گشتی، ئەنجامدرا و کاریگەرییان لەسەر گەلی ئێزیدی لە شەنگال لە هێرشە تیرۆریستییەکانی بەکرێگیراوانی داعشدا بەجێهێشت، هەروەها ئەو هێرشە قێزەونانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژنانی ئەفغانستان بەتایبەتی و گەلی ئەفغانستان بەگشتی هەبوو دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست دوای کشانەوەی زلهێزەکانی ئەمریکا".
نادا ڕاشیگەیاند "ئێمە بەم بۆنەیەوە دووپاتی دەکەینەوە کە هەمیشە و بۆ هەمیشە لە پاڵ گەلانی ستەملێکراو و ژنانی ستەملێکراو دەبین، شانازیش بەو بەرخۆدان و بەرەنگارییە بوێرانەی ژنانی شەنگال و ئەفغانستان لە بەرگریکردن لە بوونیان، ئازادییەکانیان، دەکەین، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٩ ساڵ بەسەر جینۆسایدەکەی شەنگال، چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵی ڕفێنراوی ئێزیدی تا ئێستا نادیارە، هەروەها شەنگالی قەڵای گەلی ئێزیدی هێشتا لەژێر هەڕەشەی جینۆساید و کۆمەڵکوژیەکاندایە و دەوڵەتی تورک نزیکەی ڕۆژانە بە هەموو تەکنیک و کەرەستە و جۆرەکانیەوە بەردەوامە لە هێرشەکانی و هەموو ئەمانە بە بەرچاوی تەواوی جیهاندا ڕوودەدات و بێدەنگییەکی تەواو و ترسناک بوونی هەیە.
سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ئەفغانستان، لە بەیاننامەکەدا ڕوونکراوەتەوە، "لە ئەفغانستان هێرش و کۆمەڵکوژی هاوشێوە بەرامبەر ژنان ئەنجامدرا، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ڕادەستکردنی دەسەڵاتیان بە تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١دا ڕادەی دوژمنایەتی بزووتنەوەی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنانی ئەفغانستان بە تایبەتی و لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەفغانستان بە گشتی دەرکەوت، کە وەک چۆن کۆنەپەرستانەترین کردەکان ئەنجامدرا، وردە وردە ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دوور خرانەوە و مەحکوم بە کۆیلایەتی ناوماڵ کران.
هاوپەیمانی نادا پێی وایە جینۆسایدی ژنان تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە، بەڵام ئەم بابەتە تا ئەم ساتە نەناسێنراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بێ سزادان بۆ تاوانباران، تەنانەت لە زۆر وڵاتیشدا پاداشت دەکرێن بۆ هێرشە دژە ژنەکانیان، لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "پێویستە خەباتێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی هاوبەشی ژنان لە دژی سیاسەتەکانی جینۆساید و قڕکردنی ژنان هەبێت، ئەمەش پێویستی پشتگیری و پشتیوانی و بەشداریی کارامان لەو کەمپەینە پشتڕاست دەکاتەوە کە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی کوردستان-کەژەکە دەستیپێکردووە.
هاوپەیمانی نادا لە ڕێگەی بەیاننامەکەوە داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان کردووە، داعش و تاڵیبان بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کە لە دژی گەلی ئێزیدی و ئەفغانستان بە گشتی ئەنجامیانداوە و تا ئێستاش ئەنجامی دەدەن، و دژی ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی، دادگایی بکەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن، چونکە بەڵگەکان بۆ ئەمە زۆرن، هەروەها دەبێت لێپرسینەوەی لەو وڵات و لایەنانەی کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان هەیە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و کۆمەڵکوژی لە ئەفغانستان و شەنگال بکرێت.
لە بەیاننامەکەدا داوای بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی ژنان لە شەنگال کراوە و لە کۆتاییدا هاتووە، "نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و زۆرێک لە پەرلەمانە نیشتمانییەکان ئەو دڕندەییانەی لە شەنگال ئەنجامدراون بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام لە بەرامبەردا داوا دەکەین لە بەرامبەردا بە فەرمی دان بە جینۆسایدی ژناندا بنرێت، ژنانیش، هەوڵی نێودەوڵەتی بەهێز بدەن بۆ ڕزگارکردنی هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی لە چنگی داعش، و بۆ دەستەبەرکردن و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەلامەتی خەڵکی ئێزیدی کە بە زۆر ئاوارە بوون لە زێدی خۆیان، هەروەها داوا لە هەموو دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، پشتگیری قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە شەڕەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان لەلایەن بەکرێگیراوەکانەوە و ئاوەدانکردنەوەی شاری شەنگال بکەن.