توشبوون بە نەخۆشی سورێژە لە بەرزبوونەوەدایە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشی سورێژە لە سەرانسەری جیهاندا، بە پێویستی دەزانێت ڕێکاری بەپەلە بۆ خۆپارێزی لە دژی بگیرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

سورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمییە، لە ڕێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە، تووشی منداڵانی خوار تەمەنی ٥ ساڵ دەبێت، بە خواردنی دوو ژەمی ڤاکسین دەتواندرێت ڕێگری لێبکرێت.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دوێنێ ٢٠ی شوبات ڕایگەیاند، ئەگەر بڵاوبوونەوەی سورێژە بەم ڕێژە زۆرە بێت نیوەی وڵاتانی جیهان تا کۆتایی ساڵ بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو نەخۆشییەدا دەبێت، زیاترین ئەوکەسانەی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئەوانەن کە لە کاتی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆرنا ڤاکسینی تایبەت بەو نەخۆشییەیان وەرنەگرتووە، یاخود لە کاتی خۆیدا نەچوون بۆ وەرگرتنی.

 

ناتاشا کروکروفت، سەرۆکی ڕاوێژکاری تەکنیکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەربارەی نەخۆشییەکانی سورێژە ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی جەستەی هاوڵاتیان لە ئێستادا بەرگری کەمیان هەیە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆری خەڵکی توشبن، ئەگەر بە ڤاکسین و چارەسەری ڕێی لێنەگیرێت زیاتر بڵاودەبێتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا بە پێویستی زانی بە زوترین کات دەسەڵاتدارانی وڵاتەکان پابەندبن و ڕێگە نەدەن منداڵانه تووشبن، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوریەی لە ئێستای زۆرینەی وڵاتەکاندا هەیە دەسەڵاتداران پابەندی ڕێنماییەکان نابن و چارەسەر دابین ناکەن، هەر بۆیە ڕێژەی مردن لە وڵاتە هەژارەکاندا زیاترە.

 

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، حاڵەتەکانی سورێژە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ٧٩% زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٣٠٠ هەزار حاڵەت.