هەڵکەندنەکانی عێراق ئاسەوارێکی تەمەنی پێنج هەزار ساڵ دەدۆزنەوە

شوێنەوارناسان لە باشووری عێراق پاشماوەی شوێنێکیان دۆزیەوە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا  دەگەڕێتەوە و ژیانی خەڵکی ئاسایی لە یەکەم و سەرەتایترین شارەکانی جیهان نیشاندەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو تیمە ئەمریکییە-ئیتاڵییە ئەو دۆزینەوەیان لە وێرانەکانی شاری لاگاشی کۆن ئەنجامدا، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری ناسریەی ئێستا، کە پێشتر ناسرابوو کە یەکێک بووە لە یەکەم ناوەندە شارییەکانی شارستانیەتی سۆمەری عێراقی کۆن.

 

تیمە هاوبەشەکەی زانکۆی پێنسیلڤانیا و زانکۆی پیزا پاشماوەی سیستەمێکی ساردکەرەوەی سەرەتایی و فڕنێکی گەورە و کورسی بۆ خواردن و کۆبوونەوە و نزیکەی ١٥٠ قاپی پێشکەشکردنیان دۆزیەوە، لە ناو قاپەکاندا ئێسکی ماسی و ئاژەڵ دۆزرایەوە، شانبەشانی بەڵگەی خواردنەوەی بیرە، کە لە نێو سۆمەرییەکاندا بەربڵاو بووە.

 

بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ڕایگەیاندووە لەنێو دۆزینەوەکان بەفرگرێکیان دەستکەوتووە، سەدان قاپیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی پێشکەش بکرێت، کورسییەک کە خەڵک تێیدا دادەنیشتن و لە پشت بەفرگرەکەوە فڕنێک هەیە کە بۆ ئامادەکردنی خواردن بەکاردەهێنرا، کە خەڵکی ئاسایی شارەکە هاتوون و لەو شوێنە کۆبوونەتەوە و کاتیان بەسەربردووە وەک چێشتخانە و کافتریای ئێستا وابووە.

 

یەکەم شارەکانی جیهان لە ناوچەکانی ئێستای باشووری عێراق گەشەیان کرد، دوای ئەوەی لەڕێگەی کشتوکاڵەوە لە خۆماڵیکردنی یەکەم بەروبوومەکانەوە ڕێگەی بە سەرهەڵدانی چینە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دا کە ڕاستەوخۆ سەرقاڵی بەرهەمهێنانی خۆراک بوون، ناوچەی لاگاش کە نزیکە لە لێکنزیکبوونەوەی ڕووباری دیجلە و فورات، لەلایەن سەرچاوە کۆنەکانەوە بە "باخچەی خوداوەندەکان" ناوی لێنراوە بەهۆی بەپیتییەکەیەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی زنجیرەیەک شاری سۆمەری کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی خانەدانەکان.

 

هەروەها لاگاش یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی باشووری عێراق، دانیشتوانەکەی پشتیان بە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ماسیگرتن بەستووە، بەڵام لەگەڵ ئاڵوگۆڕی کەلوپەلیشدا، لە نزیکەی ساڵی ٢٧٠٠ پێش زایین ئەم شوێنی کۆبوونەوەیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ڕۆشنایی نوێ بخەنە سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی شارە سەرەتاییەکانی میزۆپۆتامیا.