هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیەندرا
لە شاری سلێمانی بە بەشداری چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان بە دروشمی "ژنێکی بەهێز، بونیادنەری خێزانێکی تەندروستە" هەڵمەتی ١٥ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیەندرا.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کارگەی کولتووری جگەرەکە لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان و گروپی هەماهەنگی، بە بەشداری ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکانی ژنان بە دروشمی "ژنێکی بەهێز، بونیادنەری خێزانێکی تەندروستە" چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیان ڕاگەیاند.
بە پێی پلانی هەڵمەتەکە لە ماوەی ١٦ ڕۆژدا چالاکی و سیمینار و هۆشیاری لە بارەی توندوتیژی و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدرێت و لە ڕێکەوتی ٥ی کانوونی یەکەم لە فامیلی مۆڵی شاری سلێمانی کاری دەستی ژنان نمایش دەکرێت، لە ١٠ی کانوونی یەکەمیشدا لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی دوو پانێڵ ئەنجام دەدرێت.
ڕائید ڕاز فریاد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کاریان کردووە بۆ پاراستنی ژنان و وتی: بەردەوام هەوڵی کەمکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەین کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، جگە لە ئەرکەکانی سەرشانمان بەرامبەر ڕزگارکردنی ژنان، هاوکات دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی تەواوی ژنان دژ بە کوشتن و ئەشکەنجەدان، سرەڕای کەمی پێداویستییەکانمان بە ورەی پۆڵاینی ژنان درێژە بە کارەکانمان دەدەین.
شەددە بەشیر، نوێنەری گروپی هەمەهەنگی لە سلێمانی، باس لەوەدەکات، ساڵانە کوشتنەکانی ژنان بە زەنگیکی مەترسیدار دادەندرێت، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام کار بۆ نەمانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن، بەڵام دەبینین بەردەوام کوشتنەکانی ژنان لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە بەردەوامی هەیە، وتیشی: سەرەڕای بەردەوامی کوشتنی ژنان، هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقدا دەبێتە هۆی جینۆسایدکردنی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ماوەی چەندین مانگە هەڵوێستەکانمان یەک خستوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩.
شەدە بەشیر وتیشی: ڕێکخراوەکانی ژنان بەردەوامن لە دەنگ هەڵبڕین بەرامبەر توندوتیژیەکان، بەڵام کۆمەڵگە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەردەوام هێرش و ئیدانەی چالاکی و دەنگ هەڵبڕینی ژنانی چالاکوان دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتیش هاوکارن لە کپکردنی ڕادەربڕینی ژنان، بەڵام بەردەوامی و یەک دەنگی ئێمە بۆتە هۆکاری شکاندنی بەربەستەکان.
"ژنان لە ڕێگەی تواناکانییانەوە مافەکانیان دابین دەکەن"
بەیان ئیبراهیم، ئەندامی گروپی هەماهەنگی بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، باسی لەوەکرد، دیاریکردنی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی ژنان هۆکارێک بوو بۆ بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی کار و چالاکیەکانی ژنان، دەشڵێت: چالاکیەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ١٦ ڕۆژی داهاتوودا بە زنجیرەیی بەڕێوە دەچێت، ژنان لە چالاکییەکانماندا بە کاری دەستی و تواناکانی خۆیان بەشداری دەکەن.