قوربانیانی بوومەلەرزە: ئەلبیستان ناوچەیەکی لەبیرکراوە
نورتەن کۆڵمس، ڕزگاربووی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە کە ناوەندەکەی لە ناوچەی ئەلبیستانە لە باکووری کوردستانە، بە دەستەواژەی "ئەلبیستان ناوچەیەکی لەبیرکراوە"، باسی پێنج ڕۆژی ڕابردووی کرد..
مەدینە مامەدئۆغلۆ
مەڕەش- لە ناوچەی ئەلبیستان لە کاتی بوومەلەرزەی یەکەمدا تەنها پێنج باڵەخانە وێران بوون و بوومەلەرزەی دووەمیش کە گوڕی ٧.٦ پلە بە پێوەری ڕێختەر زیانی زۆری لە ناوچەکە گەیاندووە.
دانیشتوانی شاری ئەلبیستان، کە بوومەلەرزەکە ناوچەکەیانی هەژاندووە و هەموو شتێکی لەگەڵ خۆی بردووە ، لە ژێر داروپەردوودا لە پلەی گەرمی ژێر سفردا لە چاوەڕوانی ماونەتەوە، هاوکات ئەو هاووڵاتیانەی تەنانەت کاتیان نەبووە ماتەمینی ئەو کەسانە بگێڕن کە لە بوومەلەرزەکەدا لەدەستیان داوە، بە هیوای دۆزینەوەی کەسوکارەکانیانن کە لە دوای خۆیان بەجێماون و لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.
لە دوو ڕۆژی یەکەمی بوومەلەرزەکەدا هیچ کارێکی فریاگوزاری ئەنجام نەدراوە
نورتەن کۆڵمس، ڕزگاربووی بوومەلەرزەکە کە دوای بوومەلەرزەکە کێشەی زۆری هەبووە، ڕایگەیاندووە، لە یەکەم ڕۆژی بوومەلەرزەکەدا خەڵک لە برسێتیدا بوون و ئێستا بەرکەوتەی نەخۆشییە پەتاییەکان بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە نێوان دوو بوومەلەرزەدا بووین تا بەیانی لە شەقامەکاندا بووین، لە بوومەلەرزەی دووەمیشدا ماڵەکەمان لە گوندەکە وێران بوو، ئەو شەوە من و خێزانەکەم ناچار بووین لەنێو مەڕەکاندا بخەوین، لە دوو ڕۆژی یەکەمی بوومەلەرزەکەدا ئێمە نەمانبینی یەک کارمەند بەشداری لە هیچ کام لە کارەکانی ڕزگارکردندا بکات، بۆیە خێزانەکان هەوڵیاندا بە هەوڵی خۆیان خێزانەکانیان ڕزگار بکەن، هەندێکیشیان تیمیان لە دەرەوە هێناوە، یەکێک لە خزمەکانم تیمێکی فریاگوزاری ئیسپانی هێنا لەگەڵ وەرگێڕێک بۆ ئەوەی ڕزگارکردنەکە ئەنجام بدەن".
" دەوڵەت هیچ هاوکارییەکی بۆ هەرێمەکەمان نەناردووە"
نورتەن کۆڵمس ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی ناوچەکە بەجێهێڵراون تا بمرن، "هاتنی دوای سێ ڕۆژ بەو مانایە دێت کە دەیانەوێت بە مردوویی ئێمە ببەنە دەرەوە، ئەمە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکەی نیە،هێشتا تەرمەکان چاوەڕێی دەرهێنانن لە ژێر داروپەردوودا، بە هەمان شێوە لە ناوچەی گۆڵباشی خەڵکەکە بە هیچ شێوەیەک هیچ یارمەتیەکیان پێنەگەیشتووە، هەرچۆنێکبوو ئێمە هەندێک هاوکاریمان بۆ ناردن کە بۆ ناوچەکەی ئێمە هاتبوو."
وە جەختیشی لەوە کردەوە کە دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک هیچ هاوکارییەکی بۆ نەکردوون، وتی: "هەموو ئەو هاوکاریانەی کە دێتە هەرێمەکەمانەوە هاوکاری خەڵک خۆیەتی، تەنانەت بەشی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تەنها هەندێک خێمەیان لە هەرێم داناوە، بەڵام هیچ هاوکارییەکی دیکەیان نەکردووین."
" تەرمەکان بەبێ شۆردن دەنێژرێن "
نورتەن کۆڵمس ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ئەوەی ئاو نەبووە، تەرمی قوربانییەکان بەبێ شۆردن بە خاک سپێردراون و خەڵکەکە ڕووبەڕووی پەتایەک بوونەتەوە، چونکە نەیانتوانیوە حەمامەکان بەکاربهێنن، وتی: " دوو ڕۆژ پێش ئێستا کارەبا بە گوندەکانەوە بەسترابوو، بەڵام لە سەنتەری ئەلبوستان ئاو و کارەبا دابین نەکراوە، خەڵک ناتوانن بچنە حەمامەکان، بارودۆخی بەساڵاچووانی ئێرە زۆر خراپە، خەڵکیش لە دۆخێکی سەختی ژیانکردندان."
ڕوونیشیکردەوە: " تا ئێستا تەرمەکان لە مردووخانەدان، و بەهۆی نەبوونی ئاوەوە، زۆرجار تەرمەکان بەبێ شۆردنیان دەنێژرێن، وە ئەگەر بمانەوێت ناشتنەکە ئەنجام بدەین هیچ کەرەستەیەکی هەڵکەندنی گۆڕمان نییە، بۆیە ڕۆژی ڕابردوو ویستمان تەرمێک بنێژین بەڵام بەهۆی نەبوونی شۆفڵەوە گەنجێک بە بەکارهێنانی تەقەمەنی دوو مەتر بەفری بەستوویان شکاند و گۆڕەکەیان هەڵکەند، خەڵک بە کۆمەڵ دەنێژرێن، ئەم شوێنە بە قووڵی لەبیرکراوە و دەنگی کەسیش لە ناوچەکەدا نابیسترێت."