ژنانی گەنجی شەنگال: ڕێگە بە فەرمانێکی تر نادەین

یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال و یەکێتی لاوانی ئیزیدخان بە کاروانێکی مەشخەڵ، یادی شەهیدانی فەرمانی ٧٤ی ڕێکەوتی ٣ی ئابی ٢٠١٤یان کردەوە.

شەنگال

 

یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال و یەکیەتیی لاوانی ئیزیدخان بە دروشمی "وەرن بۆ شەڕی ئازادی"، ڕێپێوانێکیان بە هەڵگرتنی مەشخەڵ بۆ یادی شەهیدانی ڕێبازی ٧٤ ئەنجامدا.

 

ڕێپێوانی مەشخەڵی گەنجان لە گوندی کۆلکە دەستی پێکرد و تا ماڵی شەهیدان دڵگەش و بەرخۆدان بە دروشمی "شەهید نامرن" و " بمرێت خیانەت" بەردەوام بوو، گەنجەکان کاتێک گەیشتن، گڵکۆی شەهیدانیان داگیرساند و سارا بۆتان، وتەبێژی یەکێتی لاوانی یەزیدخان، بەیاننامەکەی خوێندەوە.

 

"ئێمە ڕێگە بە فەرمان نادەین"

ئاڤێستا ئادار، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال کە بەشداری ڕێپێوانەکەی کردبوو، وتی: "بۆ ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئاب، ڕێپێوانی مەشخەڵ ئەنجام دەدەین و مۆم لەسەر گۆڕەکان بۆ شەهیدەکانمان داگیرسێنین، چونکە ئەو گەریلایانە گیانی خۆیان لە پێناوی ئێمە  و لە پێناو ئازادی شەنگال بەخشی، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی پەیامێکی بەهێز بە دوژمنەکەمان بدەین."

 

زین شەنگالی ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال سەرنجی بۆ ئەو فەرمانە ڕاکێشا و وتی: "پێویستە دوژمن باش بزانێت ئێمە ڕێگری لە هەموو ئەو هێرش و فەرمانانە دەکەین کە دەیهێننە سەر کۆمەڵگاکەمان، ئێمە ناوەستین و هەمیشە لەسەر ڕێگای شەهیدەکانمان بەردەوام دەبین".