زانایان دەربارەی بومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان زانیاری بڵاودەکەنەوە

زانایان دەربارەی بومەلەرزەکەی باکووری کوردستان ئاماژەیان بەوەداوە لە قووڵایی ١٨ کیلۆمەتر ڕوویداوە، تورکیا و باکووری کوردستان ئەزموونی چەندین بومەلەرزەی وێرانکەری دیکەی کردووە، بەڵام شارەکانی باکووری کوردستان بیناکانی کۆنن و لاوازن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی جیۆلۆجی ئەمریکی، بومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا لە قووڵایی ١٨ کیلۆمەتر ڕوویداوە و ناوەندەکەی لە باشووری تورکیا بووە، لە نزیک سنووری ڕۆژئاوای کوردستان، ناوچەکە هەستی بە ١٣ هەژاندنی دیکە کردووە کە گوڕەکەی لانیکەم ٥ بووە.

 

بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە  کە پلەی ٧.٥ بوو  دوای نۆ کاتژمێر لە لەرزینە سەرەکییەکە تورکیا و باکووری گرتەوە، هەرچەندە زانایان لێکۆڵینەوەیان لەسەرکرد و هاوڕا بوون کە ئەو دوو بوومەلەرزەیە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی هەژاندنە سەرەکییەکە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژ و هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا بوومەلەرزەی دیکە بەردەوام بێت.

 

چ جۆرە بوومەلەرزەیەک بووە؟

توێژەرانی زانستی بومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا شیکاری دەکەن و دەڵێن: بوومەلەرزەکە بوومەلەرزەیەکی لێدان و خلیسکان بووە، کە دوو پلێتی تەکتۆنیکی زەوی بە شێوەیەکی ئاسۆیی بە یەکتردا تێدەپەڕن و دەخلیسکێن، زەوی بەسەر پارچە جیاوازەکاندا دابەشکراوە، کە بەزۆری پلێتەکان بە هێواشی لە بەرامبەر یەکتردا دەجوڵێن بەڵام کاتێک پەستان و فشارێکی پێویست دروست بوو، دەتوانن بە خێرایی بە یەکتردا تێپەڕن و بڕێکی زۆر وزە ئازاد بکەن و بڵاوبکەنەوە بۆ چینەکانی سەرەوی زەوی، لەم حاڵەتەدا، پلێتێک بەرەو ڕۆژئاوا ڕۆیشت لە کاتێکدا پلێتەکەی تر بەرەو ڕۆژهەڵات بە یەکتردا تێپەڕی و بووە هۆی دروستکردنی بوومەلەرزەکە کە چەندین وێرانکاری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

ئایا بوومەلەرزە لەم ناوچانەدا باوبووە؟

زانایان بەهەمان شێوە ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەم بوومەلەرزەیە لە ناوچەیەکی چالاک لە ڕووی بومەلەرزەییەوە ڕوویدا کە بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ناسراوە، کە لە ڕابردوودا ئەزموونی بوومەلەرزەی زیانبەخشی دیکەی کردووە، نزیکەی هەموو تورکیا و باکووری کوردستانیش لە ڕووی بومەلەرزەزانییەوە چالاکە، واتە ئەمە شتێکی نوێ نییە بۆ وڵاتەکە چونکە لەسەر هێڵی بومەلەرزەیە.

 

تورکیا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠دا بوومەلەرزەیەکی گەورەی دیکەی لێکەوتەوە بە گوڕی ٦.٧ کە زیانێکی زۆری لە بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا گەیاند، لە ساڵی ١٩٩٩ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ پلە لە نزیک ئەستەنبوڵ ڕوویدا و بە پێی مەزەندەکردنەکان بەهۆیەوە  ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

 

بۆچی ئەم بوومەلەرزەیە ئەوەندە وێرانکەر بوو؟

بوومەلەرزەکە بەهێز بوو بە تایبەت بۆ بوومەلەرزەیەک کە لەسەر وشکانی ڕوویداوە، لەسەرووی ئەوەشەوە بوومەلەرزەکە لەو ناوچانەدا ڕوویدا کە چڕی دانیشتووان تیایدا زۆربوو، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە نزیک غازی عەنتاب بوو کە شارێکی گەورەیە و پایتەختی پارێزگاکانی تورکیایە.

 

کیشۆر جایسوال، ئەندازیاری پێکهاتەیی USGS ئاماژەی بەوەکردووە ناوچە زیانلێکەوتووەکان شوێنی بینای لاوازیش بوون واتە بینا و باڵەخانەکانی ئەو ناوچانە ستانداردەکانی بومەلەرزەیان تیادا بەکارنەهاتووە، لە کاتێکدا بینا نوێیەکانی شارەکانی وەک ئەستەمبوڵ بە ڕەچاوکردنی ستانداردە مۆدێرنەکانی بوومەلەرزە دیزاین کراون، بەڵام ناوچەکانی باکووری کوردستان چەندین بینای بەرزی کۆن و کۆنتری تێدایە، توێژەران دەڵێن، بیناسازی بە شێوەیەکی خێرا لە سوریا  لەگەڵ ساڵانێک جەنگ نۆژەنکرانەوە کە ڕەنگە ئەمە پێکهاتەکانیشی بە لاوازی هێشتبێتەوە.