دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیرکراوەکان ئازاد دەکەن و کەسێکی دیکە دەستگیر دەکەن

دەسەڵاتدارانی ئێران مەهسا ئەحمەدیان ئازادکردو جارێکی دیکە چالاکوان سوری بابائیان دەستگیرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

مەهسا ئەحمەدی، قوربانی دوایین ڕاپەڕینەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٧ی ئایار لە زیندانی سیپیدار لە ئەهواز دوای ٤٥ ڕۆژ لە دەستگیرکردن، ئازاد کرا.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران لە ١٤ی نیسان مەهسا ئەحمەدی، دەستگیرانی حامید ساڵحەشور، خۆپیشاندەر کە لە ناوەندێکی زیندانیکردن لە شاری ئەهواز کوژرا، دەستگیرکردو گواستیانەوە بۆ زیندانی سیپیدەر لە ئەهواز، ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنی لە شاری ئیزە.

 

لە لایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سوری بابائی، چالاکوانی مەدەنی جارێکی دیکە دەستگیریان کرد و گواستیاننەوە بۆ زیندانی تشوبیندەر لە شاری قەزوین.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی میدیا، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی سوری بابائی دەستیان بەسەر مۆبایل و کەلوپەلی کەسیدا گرتووە.

 

چەند جارێک سوری بابائی بە تۆمەتی خۆپیشاندانی دژ بە حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکراوە، دوایینیان لە تەمووزی ٢٠٢٢ بوو کاتێک گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە کە تیایدا ناڕەزایی خۆی لە دژی حیجابی زۆرەملێ دەربڕی.

 

سوری بابائی دژایەتی یاسا جیاکارییەکانی دژ بە ژنان دەکات، لەوانە مافی میرات، سەرپەرشتی منداڵ، جیابوونەوە و ئازادی لەبەرکردنی حیجاب، هەروەها لە کاتی دەستگیرکردنیدا بە مەبەستی ناڕەزایەتی دژی دەستگیرکردنی، مانی لە خواردن گرت.