دەسەڵات ناتوانێت قوتابیان بوەستێنێت، بۆیە بە فیشەک ڕووبەڕوویان دەبنەوە

هەرچەندە دەسەڵات هەوڵی بڵاوەپێکردنی قوتابیان دەدات، گازی فرمێسک ڕێژ بەکاردەهێنێت، بەڵام قوتابیان بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکان و دەڵێن "تا مافەکانمان بەدەستنەهێنین ناوەستین"، بۆیە بەفیشەک کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکان هێنا.

سلێمانی

 

قوتابیانی بەشێکی شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامن لە خۆپیشاندان تا ئەو کاتە داواکانیان جێبەجێدەکرێت، کە داوای پێدانی دەرماڵە و مافەکانیان دەکەن.

 

قوتابیانی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی هەر لە بەیانی زووەوە دەستیان بەخۆپیشاندان کرد و دەرگای زانکۆیان داخست، دواتر بۆ بەردەم پارێزگا کەوتنە ڕێ، لەوی لەگەڵ قوتابیانی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی یەکیان گرت، چەندین دروشمی وەک "بروخێ دەسەڵاتی بنەماڵە، دەرماڵەمان بڕاوە ماڵمان بە قوڕ گیراوە، "، "پارێزگارمان لە کوێیە ، قردێلەی سورمان پێیە" و "حکومەتی بنەماڵە پێمان بدەن دەرماڵە"یان بەرزکردبووەوە.

 

خوێندکاران ڕێگەنادەن حزبەکان خۆیان بکەنە خاوەنی خۆپیشاندانەکەیان

 بوشرا، خوێندکار، باس لەوەدەکات ماوەی شەش ساڵە بە ناوی قەیرانی داراییەوەدەرماڵەیان بڕیوە کە مافێکی هەرە سەرەتایی خوێندکارانە، "ئێستا قەیرانی دارایی نەماوە و هیچ بیانوویەک نییە کە دەرماڵە نەدات، ئێمەی خوێندکاران خۆپیشاندان دەکەین و ناشمانەوێت هیچ حزبێک بێتە لامان، ئێمە خۆمان بەردەوام دەبین".

 

ئاشناش جەخت لەوەدەکاتەوە کە خۆپیشاندان مافی خوێندکارانە و ڕێگەنادەن هیچ حزبێک دەستوەردانی تێدابکەن و خۆیان بکەن بە خاوەنی، "بەردەدوام دەبین تا مافمان پێدەدرێت، یاد، خوێندکارێکی دیکەیە و دەڵێن ئێمە سێ ڕۆژە گردبووینەتەوە بەڵام هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار نایەت بەلامانەوە.

 

یەکێک لە دروشمەکانی خوێندکاران "پارێزگارمان لە کوێیە ، قردێلەی سورمان پێیە"یە، کە وەک توانجێک بەرامبەر پارێزگاری سلێمانی دەیانوتەوە، چونکە نایەت بەدەم داخوازییەکانیانەوە و گوێیان لێناگرێت، شەنگ بێستون، قردێلەیەکی سوری کردووەتە دەستی و دەڵێت "قردێلەم کردووەتە دەست بۆی پارێزگار وەڵاممان بداتەوە، ئەوان هیچ دەنگێکیان نییە، تا وەڵاممان نەدەنەوە بەردەوام دەبین".

 

خوێندکاران بەرەو بەردەرکی سەرا بەڕێکەوتن و ڕێگەیان لێگیرا

دواتر قوتابییەکان لەبەردەم بینای پارێزگاری سلێمانییەوە بەرەو بەردەرکی سەرا ڕۆشتن، لای دادگای سلێمانی ڕێگریان لێکرا تا بڕۆن بۆ شوینی مەبەست، بەڵام ئەوان بە بەربەستی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکاندا تێپەڕین.

 

لە دوای پردی سەرچنار لەگەڵ قوتابیان پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی یەکیان گرت، بەرەو بەردەرکی سەرا بەڕێکەوتن کە ژمارەیان هەزاران قوتابی دەبوو، لە شەقامی سالم و لەبەردەم مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان گازی فرمێسک ڕێژییان بەرامبەر قوتابییەکان بەکاردەهێنا.

 

خوێندکاران باسیان لەوەکرد کە بۆ مافەکانی خۆیان خۆپیشاندان دەکەن، دەسەڵات مافەکانیان پێشێلدەکات و گازی فرمێسکڕێز و ئاو بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوەپێکردن و سەرکوت کردنیان.

 

خوێندکاران بریندار بوون

قوتابییەکان هەرچەندە بەرکەوتەبوون، بەڵام بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان و داواکردنی مافە ڕەواکانیان، بەشێکیشیان دەموچاوی خۆیان دەبەست تا دایکوباوکیان دڵیان لایان نەبێت و خەمیان نەبێت.

 

لەگەڵ هەڵدانی هەر گازێکی فرمێسکڕێژدا، قوتابییەکان دەچوونە ناو کۆڵانەکان، ئەوانەی بەرکەوتەن، ئاو و لیمۆ و پرتەقاڵیان بەکاردەهێنا، تا کاریگەری گازەکە لەسەر چاویان نەمینێت، هەمووان هاوکاری یەکتریان دەکرد.

 

 لە کۆتاییشدا بەهۆی ئەوەی دەسەڵات نەیدەتوانی ڕووبەڕووی قوتابییەکان ببنەوە بیانوەستێنن، بۆیە بە فیشەک بڵاوەیان بە خۆپیشاندانەکرد.

 

ت.پ