دەنگی خوێندکاران بۆ داهاتووی زانکۆی ڕۆژئاوا بەرز دەبێتەوە
لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان دژ بە بڕگەکانی پەیوەندیدار بە داهاتووی زانکۆی ڕۆژئاوا، خوێندکاران سەرنجیان خستە سەر گرنگیی پاراستنی تایبەتمەندیی زانکۆ، مافی خوێندن بە زمانی دایک و گوێگرتن لە داواکارییەکانیان.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ- لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سیستەمەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە باکوور و ڕۆژئاوای سووریا دەکرێن، داهاتووی زانکۆی ڕۆژئاوا و مافی خوێندکاران بۆ خوێندن بە زمانی دایک بووەتە جێی گفتوگۆ و ناڕەزایەتی.
لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٦دا، بڕیاری کەمکردنەوەی وانەکانی زمانی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا، کاردانەوەی ئەکادیمی و پەروەردەیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی ڕۆژئاوا ئەم بڕیارەی وەک هەنگاوێکی پاشەکشە هەڵسەنگاند و دیاری کرد، کە ئەم بابەتە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاستی زانستی، تێگەیشتن و پێشکەوتنی ئەو خوێندکارانە هەبێت کە بە زمانی کوردی پەروەردە بوون، هەروەها بانگی لە وەزارەتی پەروەردە کرد کە نموونەی پەروەردەی دوو زمانی پەسەند بکرێت.
لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا بڕیاری ژمارە ١٩ی سەبارەت بە یەکگرتنی زانکۆی ڕۆژئاوا لەگەڵ زانکۆی فورات ڕاگەیاند. بەپێی بڕیارەکە، زانکۆکە دەخرێتە ژێر چوارچێوەی سیستەمی خوێندنی باڵای سووریاوە و زۆرێک لە کۆلیژ و بەشەکانی بە زانکۆکانی دیکەوە دەبەسترێنەوە.
ئەم بڕیارە نیگەرانیی خوێندکاران و مامۆستایانی زیاتر کرد، لەبەر ئەوەی بۆ ئەوان، بابەتەکە تەنها گۆڕینی ناوی زانکۆ یان بەڕێوەبەرایەتییەکەی نەبوو، بەڵکو پاراستنی زمانی کوردی، مافە ئەکادیمییەکان، ناسنامەی زانکۆ و داهاتووی ئەو خوێندکارانەش بوو کە بەو زمانە دەخوێنن.
لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، ئەنجومەنی زانکۆی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ بڕیاری ئەنتیگراسیۆنەکە دەربڕی، هەروەها داوای کرد کە تایبەتمەندیی کوردی، سەربەخۆییی ئەکادیمی و هەموو بەشەکانی زانکۆ بپارێزرێن.
لە ١٦ی تشرینی دووەمدا، لە کامپسی زانکۆ لە شاری قامیشلۆ، دوای سەردانی شاندێکی حکومەت و دانوستانەکان سەبارەت بە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن، خوێندکاران چالاکییەکی ناڕەزایەتییان ساز کرد، ئەوان داوای پاراستنی سەربەخۆییی زانکۆ، بەردەوامبوونی پەروەردە بە زمانی کوردی و دانپێدانان بە مافە ئەکادیمییەکانیان کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکانی زانکۆ و خوێندکاران، دوای ئەوەی گوێ لە داواکارییەکانیان نەگیرا، هێزە ئەمنییەکان گازى فرمێسکڕژێنیان بەکارهێنا و ژمارەیەک لە خوێندکاران بریندار بوون، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە هەمان ڕۆژدا، لێژنەی ئەنتیگراسیۆن پێنج خاڵی سەبارەت بە داهاتووی کۆلێژەکان، وەرگرتنی خوێندکاران و زمانی خوێندن ڕاگەیاند. بەپێی ئەوە، ئەو خوێندکارانەی کە پێشتر لە کۆلێژەکان بە زمانی کوردی تۆمار کراون، تا کاتی دەرچوون بە کوردی دەخوێنن، بەبێ کۆلێژی پزیشکی، بەڵام هەندێک کۆلیژ خوێندکاری نوێ وەرناگرن و وەرگرتنی خوێندکاران بە سیستەمی وەزارەتەوە دەبەسترێتەوە.
پەرەسەندنەکانی دواین جار جارێکی تر پیشان دەدەن کە بابەتی زانکۆی ڕۆژئاوا تەنها بابەتێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مافی پەروەردە بە زمانی دایک، پاراستنی ناسنامەی ئەکادیمی و داهاتووی نەوە نوێیەکانەوە هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە، داواکاریی سەرەکیی خوێندکاران ئەوەیە کە هەر پرۆسەیەکی ئەنتیگراسیۆن لەسەر بنەمای دیالۆگ، ڕێککەوتن و دڵنیاییی ئاشکرای مافەکانیان بێتە ئاراوە.
سەبارەت بەو دۆخەی کە دوێنێ لە زانکۆی ڕۆژئاوا ڕووی دا، خوێندکارانی زانکۆ بۆ ئاژانسەکەمان بۆچوونەکانی خۆیان دەربڕی.
ئێڤا سیفووک، خوێندکاری بەشی زانستی سیاسی لە زانکۆی ڕۆژئاوا، سەبارەت بەو دۆخەی کە دوێنێ لە زانکۆ ڕووی دا وتی: دوێنێ خوێندکاران دەیانویست نامەیەک پێشکەش بەو شاندە بکەن کە سەردانی زانکۆی کردبوو، تاوەکو داواکاری و بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی زۆرێک لە بەشەکانی زانکۆ ڕابگەیەنن و بپرسن کە لەسەر بنەمای کام بڕیار ئەم بەشانە هەڵدەوەشێنەوە، بەڵام بەداخەوە، شاندەکە هیچ گوێی بە داواکاری و پرسیارەکانی خوێندکاران نەدا و دەرفەتی پێنەدان کە دەنگی خۆیان بگەیەنن.
دەمانەوێت تایبەتمەندیی زانکۆکەمان بپارێزین
ئێڤا سیفووک، سەرنجی خستە سەر ئامانجی سەردانی شاندەکە و وتی: ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە ئەوە بوو کە زانکۆی ڕۆژئاوا لەگەڵ زانکۆی فوراتدا ئەنتیگراسیۆن بکرێت، ئەمە لەلایەن خوێندکارانەوە قبووڵ ناکرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە وەکو خوێندکار دمانەوێت تایبەتمەندیی زانکۆکەمان و مافی خوێندنمان بپارێزین، هەروەها دەبێت لەو بڕیارانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر داهاتووی خوێندکاران و زانکۆ هەیە، دەنگ و داواکارییەکانی خوێندکاران گوێیان لێ بگیررێت و لەبەرچاو بگیررێن.
داواکاریی ئێمە ئەوە بوو کە شاندەکە لە نزیکەوە دۆخەکەمان ببینێت
سیلڤا سولەیمان، خوێندکاری بەشی وێژەی کوردی لە زانکۆی ڕۆژئاوا، سەبارەت بە داواکارییەکانی خوێندکاران و ئەو بڕیارانەی کە سەبارەت بە داهاتووی زانکۆ دەردەچن، وت: بۆ پاراستنی زانکۆ و زمانی کوردی، هەزاران شەهید دراون، ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین کە ئەم دەستکەوتانەی بە خوێن و فیداکاری بەدەست هاتوون، بە واژویەک بگۆڕدرێن یان زانکۆ داخرێت، داواکاریی ئێمە ئەوە بوو کە شاندەکە لە نزیکەوە دۆخەکەمان ببینێت، لەگەڵمان دابنیشێت و گوێ لە داواکاری و بۆچوونەکانی خوێندکاران بگرێت.
ئێمە وەکو خوێندکار لە پاراستنی تایبەتمەندیی زانکۆکەمان بەردەوام دەبین
سیلڤا سولەیمان جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو بڕیارانەی بێ ڕاوێژ و گوێگرتن لە خوێندکاران دەردەچن، مافەکانیان پێشێل دەکەن و وتی: ئەو بڕیارەی دەیانەوێت بەسەرماندا بی سەپێنن، مافی زانکۆ و خوێندکاران پێشێل دەکات، ئێمە وەکو خوێندکار مافی خۆمان دەزانین کە لەسەر داهاتووی زانکۆکەمان بڕیار بدەین و لە پاراستنی تایبەتمەندییەکەی بەردەوام بین.