دەم پارتی و دەبەپە یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ١٩١٥ـیان کردەوە

دەم پارتی و دەبەپە لە ١١١ــەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەەکاندا بە ڕاگەیاندراوێک قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەییەیان یاد کردەوە و داداوی دادپەروەرییان بۆ هەموو گەل و پێکهاتەکان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە"، لە ١١١ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٤ـی نیسانی ١٩١٥ـی سەر ئەرمەنەکان، بە دوو ڕاگەیاندراو، یادی کۆمەڵکوژییەکەیان کردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی هاتووە، "٢٤ـی نیسانی ١٩١٥ زیاتر لە ٢٠٠ ڕۆشنبیری ئەرمەنی، لە ماڵەکانی خۆیان دەستگیرکران و بەرەو مردن بران. ١١١ بەسەر ئەم قڕکردنی ناسنامە، ئەتنیک باوەڕی و کەلتوورەدا تێپەڕیوە. ئەو پرۆسەیە کە ٢٤ـی نیسان دەستی پێکرد، بە کوشتن و ئاوارەکردنی سەدان هەزار ئەرمەنی بەردەوام بوو. گەلانی تری کریستیانی سەر ئەم خاکە لە ئەنجامی ئەم سیاسەت و مامەڵانەدا قوربانیی گەورەیان دا، کوژران.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە قبووڵ بکرێت کە لەسەر ئەم خاکە هیچ ناسنامەیەکی ئەتنیکی، زمان، کەلتوور یاخود باوەڕییەک لە سەرووی ئەوانی ترەوە نییە، هەموو یەکسانن.

 

دەم پارتی ڕایگەیاند کە برەودان بە پەیوەندیی دیپلۆماسی، بازرگانی، ئابووری و کەلتووری لەگەڵ ئەرمەنستاندا هەم بۆ پێویستی و بەرژەوەندییەکانی گەلانە، هەم لە ناوچەی قەوقاز بۆ بنیادنانی ئاشتییە و گوتی، "وەکو گەلانی دێرینی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا ئێمە جارێکی تر هاوبەشی شیوەن و ئازاری ١١١ ساڵی گەلی ئەرمەن و گەلانی تری کریستیانین؛ جارێکی تر بە غەمگینی و بە ڕێزەوە هەموو ئەو کەسانەمان بەبیردەهێنینەوە کە لەو کاتەدا کوژراون. ئەم تراژیدیا گەورەیەی مرۆڤایەتی، لە قووڵایی دڵەوە هەستپێدەکەین.

 

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە"  بەبۆنەی ٢٤ـی نیسان کە بە سەرەتای کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دادەنرێت، ڕاگەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژییەکەی شەرمەزارکرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەساتانە، کە کاریگەرییەکانیان تا ئەمڕۆش بەردەوامن، مەحاڵە بناغەکانی ژیانێکی هاوبەش بنیات بنرێت. بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا، دەبێت دادپەروەری جێبەجێ بکرێت و لەبری ڕق و کینە، ئاستی پێکەوە ژیان وەک بنەما وەربگیرێت".

 

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە بەرانبەر ئەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوەی یەکپەرەست و نەژادپەرەست، بەهێزترین چارەسەر پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکە. ڕاگەیەندرا کە ئەم پارادایمە هەموو گەل و باوەڕییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناسنامەکانیانەوە  بۆ ژیانێکی یەکسان و ئازاد بانگهێشت دەکات.

 

ڕاگەیەندراوەکە بە یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە و بەڵێنی بەدیهێنانی نەتەوەی دیموکراتیک کۆتایی هات.