دەم پارتی بۆ ١ی ئایار بانگەوازی کرد: با لە کادیکۆ کۆببینەوە
ڕێکخستنی ئیستەنبوڵی دەم پارتی ڕایگەیاند کە ١ی ئایار لە کادیکۆ دەبن و بۆ مافەکانی کرێکاران، دیموکراتیک و ئاشتی بانگەوازی بەشداریکردنی جەماوەری دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخستنی ئیستەنبوڵی پارتی دیموکراتیک و یەکسانیی گەلان "دەم پارتی" سەبارەت بە ١ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بە درووشمی "بۆ ڕەنج، ئاشتی و دادپەروەری پێکەوە دەچینە ١ـی ئایار" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. ڕاگەیاندراوەکە لە باڵەخانەی پارتەکە بەڕێوەچوو و پانکارتی " بۆ ڕەنج، ئاشتی و دادپەروەری پێکەوە دەچینە ١ـی ئایار" دانرا. نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و سەندیکاکان بەشدارییان کرد.
هەر یەک لە عەلی گەنچ، ئەندامی پارتی سەرلەنوێ دامەزراندنی سۆسیالیست، موستەفا ئۆزتورک، نوێنەری پلاتفۆڕمی پشتیوانیی سۆسیالیست و هاوسەرۆکی ئەستەنبوڵی دەم پارتی ئاریفە چنارێ قسەیان کرد و بانگەوازیان بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەکە کرد.
دواتریش دەقی هاوبەش لەلایەن وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەستەنبوڵی دەم پارتی سەیفەدین گوڵەنیوزەوە خوێندرایەوە و تێیدا لەپاڵ بانگەواز بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەکەی کادیکۆ، ئاماژە بەوە کرا کە کرێکار و ڕەنجدەران زۆرترین باجی شەڕیان داوە و ئاشتی بۆ کرێکار و ڕەنجدەران هێندەی نان و ئاو پێویستە.