دلسۆز زەنگەنە "هۆکاری بەردەوامی توندوتیژییەکان، ململانێ سیاسییەکانە"

چالاکوانێکی بواری ژنان هۆکاری بەردەوامی توندتویژییەکان بۆ ململانێ سەختەکانی باشوری کوردستان دەگێڕێتەوە، پلانیشیان هەیە، چەند چالاکیەک بۆ ژنان ئەنجام بدەن لە ٨ی مارسدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ٨ی مارس، ڕێکخراوەکان و کەمپەینەکان چالاکی ئەنجام دەدەن، هەوڵی خزمەتکردنی ژنان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە مافەکانی ژنان دەدەن.

 

دڵسۆز زەنگەنە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دابین و ئەندامی کەمپەینی "بەسە ژن کوشتن" لە شاری سلێمانی بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند، وەک ڕێکخراوەکەیان چەند چالاکییەکیان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ئامادەکردووە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، وەک کەمپەینی "بەسە ژن کوشتن" پانێلێکیان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان ئامادەکردووە، چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت، هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی کۆمەڵێک ژنی چالاک دەکرێت.

 

دڵسۆز زەنگەنە، ئەزموونی زیاتر لە ١٨ ساڵ لە کارکردنی لە ڕێکخراوەکاندا هەیە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بەیاننامە و داواکاری دەکرێت، هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەدەرێت، بەڵام هێشتا هۆشیارییەکان وەک پێویست نین، دەشڵێت "ڕەنگە بە چەندین ساڵی دیکەش نەگەین بە ئەنجام، هێشتا پێویستمان بە هەوڵی زیاتر هەیە".

 

ئەو چالاکوانە هۆکاری بەردەوامی توندوتیژی و کێشەکانیشی گەڕاندەوە بۆ دۆخی قەیراناوی و ململانێ سیاسییەکان لە هەرێمەکەدا هەن، باس لەوەش دەکات بەردەوام کۆمەڵگا پێویستی بە هۆشیارکردنەوە هەیە، لەگەڵیشیدا دەبێت هەنگاوی دواتر بدرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، کە ئەویش وەرگرتنەوەی مافی ژنان و نەهێشتنی توندوتیژییە.

 

لە  کۆتایشدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە هەوڵ دەدەن پێکەوە بەهەماهەنگی کاری ڕێکخراوەی لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراوەکانی هەر چوار پارێزگاکە بکەن .

 

ت.پ