لەگەڵ بەردەوامی دەستگیرکردن و سنووردارکردنەکان فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان توندتر دەبن
لەگەڵ پەرەسەندنی فشارەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەسەڵاتداران ڕۆژنامەنووس بەدر سادات موفیدیی بانگهێشتی داواکاری گشتی لە زیندانی ئێڤین کرد، دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانی ئازادە موختاری، سەرنووسەری ماڵپەڕی "ركنا"دا گرت
ناوەندی هەواڵ
ئەو سنووردارکردن و فشارانەی ئەم دواییە بەسەر ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا سەپێندراون، بەشێکن لە هەڵمەتێکی بەرفراوانتر و پەرەسەندن کە کارمەندانی ڕاگەیاندن و چالاکوانانی سیاسی لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە دەکاتە ئامانج.
لە ٤٤هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و دوابەدوای زنجیرەیەک دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسی، ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بە زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان کرد، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی ڕژێم بانگهێشتی بەدر سادات موفیدی، سکرتێری کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانییان کردووە بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگا ئامادە بێت.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵی مۆفیدی و ئاگاداریان کردووەتەوە کە دەبێت ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە داواکاری گشتی لە زیندانی ئێڤین ئامادە بێت، هیچ زانیارییەکی تایبەت سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشتکردنەکە، تۆمەتەکانی دژی یان دەسەڵاتی دەرکردنی ئەو بانگهێشتکردنە بڵاونەکرایەوە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە، کە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان سنووردارکردنیان بەسەر ئازادە موختاری، سەرنووسەری ماڵپەڕی هەواڵی "ركنا" دا سەپاندووە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەیدا گرتووە لەگەڵ بەشێک لە کەرەستەی ڕۆژنامەوانییەکەی، هەروەها ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت، لە ڕاپۆرتەکەدا وردەکاری وردی لەبارەی ئەو هۆکارانە ئاشکرا نەکردووە کە وایکردووە دەسەڵاتداران دەست بەسەر کەلوپەلەکانیدا بگرن و ئەو سنووردارکردنانە بسەپێنن.