تا کۆتایی ٢٠٢٤ یەک جۆر وایەری بارگاویکردنەوە بۆ ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەکاردێت

یەکێتی ئەوروپا داوادەکات کە یەک جۆر وایەری بارگاویکردنەوەی مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان دروست بکرێت کە هەمووان بارگاوی بکاتەوە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

پەرلەمانتارانی ئەوروپا و ٢٧ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند بڕیاریان داوە تا وەرزی پایزی ٢٠٢٤ دەبێت سیستمێک بەرهەمبهێنرێت بۆ هەموو مۆبایلە زیرەکەکان کە یەک وایەری بارگاوی-شەحنکردنەوە بەکاربێت، ئەم سیستمەش هەموو ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، پەرتوکخانەی ئەلکترۆنی، دەستی یارییەکان، مۆبایل و بیستۆک و جۆرە جیاوازەکانی دیکەی ئامێری ئەلکترۆنی دەگرێتەوە.

 

ئەم سیستمە کە شێوازێکی هاوبەشی یو ئێس بی بۆ ئامێرەکان دادەنێت، ئامانجی پاراستنی ژینگە و مافی خەڵکی بەکارهێنەرە، کە ناچارن وایەری جیاواز بۆ بارگەکردنەوەی ئامێرەکانیان بەکاربهێنن.

 

لە راپۆرتێکی پەرلەمانی ئەوروپادا هاتووە: "ئەم داهێنانە نوێیە دەبێتە هۆی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئامێرەکانی بارگاوی و یارمەتی ئەو بەکاربەرانە دەدات کە ساڵانە ٢٥٠ ملیۆن یۆرۆ لە بارگاوی ئامێردا خەرج دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانە پاشەڕۆی ئەلکترۆنی ئامێرە بەکارنەهێنراوەکان و فڕێدراوەکان دەگاتە نزیکەی ١١٠٠٠ تۆن پاشەڕۆ".