لە ٢٤ کاتژمێردا ٣٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەس بریندار بوون

هێرش و کۆمەڵکوژی و هەڵمەتی دەستگیرکردن کە خەڵکێکی زۆریان کردە ئامانج بۆ ٦٣هەمین ڕۆژی لەسەریەک لە کەرتی غەززە بەردەوامە، ئەمە جگە لە بۆردوومانکردنی ناوچە نیشتەجێبووەکان کە بەهۆیەوە دەیان کەس لە ڕەفەح و خان ​​یونس و غەززە و جەبالیا گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر کردەوە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٥٠ کوژراو و زیاتر لە هەزار برینداری لێکەوتەوە، هەروەها کۆمەڵکوژییەکی لە گەڕەکی ئەلدەراج ئەنجامدا و ماڵێکی کردە ئامانج کە سێ خێزانی ئاوارەی تیادا نیشتەجێ بوون و لە ئەنجامدا ١٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

 

لە باکوری ڕەفەح و ڕۆژئاوای خان یونس، بۆردوومانی توندوتیژی ماڵە نیشتەجێبووەکان زیاتر لە ٢٤ کوژراوی لێکەوتەوە، ئیسرائیل دوو گۆڕەپانی نیشتەجێبوونی لە دوو ناوچەی بەرگری شارستانی لە باکووری کەرتی غەززە کردە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی بۆردوومانی گەڕەکی ئەلعومران لە ناوچەی یەکگرتنی ئەلتەلحیە لە ناوەندی شاری خان یونس بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس.

 

بۆردوومانەکە زۆرێک لە ناوچەکانی کەرتی غەززەی کردە ئامانج، وەک ناوچەی مزگەوتی شەهیدانی ئەقسا لە گەڕەکی ئەلسەبرا و دێر ئەلبەلاح، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە حەوت هەزار کەسی لە قوتابخانەیەک لە بەیت لاحیا گەمارۆ داوە، کە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی مرۆیی بوونەتەوە، جگە لە قوتابخانەی خەلیفە بن زاید کە هەزاران ئاوارەی تێدایە و بۆ ڕۆژی دووەم ڕووبەڕووی بۆردوومان و گەمارۆ بوونەتەوە.

 

سوپای ئیسرائیل دەیان دانیشتووی شارۆچکەی بەیت لاحیە لە باکووری کەرتی غەززە دەستگیرکرد، دوای ئەوەی هەڵاتن بۆ ئەو شوێنە ئارامانەی کە سوپای ئیسرائیل بۆیان دیاریکردبوو، یان دوای ئەوەی گەمارۆی قوتابخانەکانی پەناگەیان دا، هەروەها سوپا چوونەتە شەقامی ئەلقەسامەوە لە شارۆچکەی بەیت لاحیا، ژنەکانی لە ماڵەکانیان دەرکرد و هەموو گەنج و بەساڵاچووەکانیان دەستگیرکرد و بردیان بۆ شوێنێکی نادیار.

 

ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ڕۆژی ٦٣ لەسەریەک گەیشتە زیاتر لە ١٧ هەزار و ١٧٧ کەس کە ٧٠٪یان ژن و منداڵ بوون و زیاتر لە ٤٦ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون و نزیکەی حەوت هەزار و ٦٠٠ کەسیش یان لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێن بوون.