دەسەڵاتدارانی ئێران دوو زیندانیی دەگوازنەوە بۆ زیندانی ئەڤین و سێ کەسیش ئازاد دەکەن

دەسەڵاتدارانی ئێران سێ زیندانیی ژنیان بە دانانی بارمتەی دارایی بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرد، هەروەها دوو دەستگیرکراوی سیاسی ژنیش بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گواسترانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە گوێرەی ئەوەی کە میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، دوو زیندانیی سیاسیی بە ناوەکانی مەرزیە فارسی و فرۆ تەقیپوور لە زیندانی ئەڤین بۆ بەندی ٢٠٩ گواستراونەتەوە، هەردوو زیندانییەکە لە کاتی پەیوەندی تەلەفۆنیدا خێزانەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە گواستراونەتەوە بۆ بەندئ ٢٩ی زیندانی ئەڤین، کە لەژێر دەسەڵاتی  وەزارەتی ئیتلاعات دایە.

 

جێی ئاماژەیە لە ٢١ی ئابدا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە تاران، مەرزیە فارسی و فرۆ تەقیپووریان دەستگیرکرد، کە پێشتر بەهۆی چالاکییەکانیانەوە دەستبەسەر و زیندانی کرابوون.

 

دوو چالاکوانی مافی ژنان بە ناوەکانی وەحید خۆش سیرت، دانیشتووی شاری لاهیجان لە پارێزگای گیلان و نگین ڕەزایی، دانیشتووی شاری فومان بە دانانی بارمتە، بە شێوەیەکی کاتی تا تەواوبوونی ڕێکارەکان لە زیندانی لاکان لە ڕەشت ئازاد کران.

 

لەلایەکی دیکەوە، مریەم فەرهەنگ، پەیکەرتاشی ٢٦ ساڵ، کە لە شاری ئیسفەهان نیشتەجێیە، بە دانانی بارمتەی دارایی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی دەوڵەت ئاباد ئازاد کرا، ئەوەش دوای ٢٠ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی.

 

مریەم فەرهەنگ لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا خێزانەکەی ئاگادار کردبووەوە، کە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی سروش سەر بە وەزارەتی ڕاگەیاندن و تا ساتی نووسینی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکە و تۆمەتەکانی دژییەوە نییە.

 

هەروەها ڕۆژی ١٦ی ئاب، ١٢ چالاکوانی مافی ژنان لە پارێزگای گیلان دەستبەسەر کران، کە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی گشتی پارێزگای گیلان دەستگیرکردنی کۆمەڵێک هاووڵاتی لەم پارێزگایە لە ژێر ناوی "تیمی دوانزە ڕێکخراوەیی" ڕاگەیاند، پڕوپاگەندەکەشی ئەوەبوو، کە دەستگیرکراوەکان پلان و ڕێوشوێنی پەیوەندیدار بە ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران دادەڕێژن و جێبەجێی دەکەن، لە بەیاننامەیەکیشدا دەستگیرکراوەکانی بە هاوکاری لەگەڵ میدیای دوژمنکارانەی دەسەڵات تۆمەتبار کردووە.