تاڵیبان بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی بۆ سەر ژنان

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر تاڵیباندا سەپاندووە بەهۆی بەردەوامی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵانی کچ لە ئەفغانستان.

ناوەندی هەواڵ

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بۆنەی ١١ی تشرینی یەکەم ڕۆژی جیهانیی منداڵی کچەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە لە کاتی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دووبارە گرتنە دەستی دەسەڵاتی لە لایەن تاڵیبانەوە لە کابول لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ پێشێلکاریی جدی بەرامبەر بە ژنان و منداڵانی کچی ئەو وڵاتە کراوە، هەروەها ڕێگری لە منداڵانی کچی خوێندکاری ناوەندی و ئامادەیی کردووە بگەرێنەوە بۆ خوێندن.

 

سنووردارکردنی ڤیزا سەپێندرا

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ، من سنوردارکردنی ڤیزا لەسەر ئەندامانی ئێستا و پێشووی تاڵیبان و ئەوانی دیکە ڕادەگەیەنم کە بەرپرسن یان هاوکارن لە سەرکوتکردنی ژنان لە ئەفغانستان کە سیاسەتی توندوتیژی و سەرکوتکردن ئەنجام دەدەن، ساڵێک پێش ئێستا ئەفغانستان تاکە وڵاتی جیهان بوو کە ڕێگری لە کچان کرد بچنە قوتابخانە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنتۆنی بلینکن داوای لە حکوومەتەکانی دیکە کردووە کە هەمان کۆت و بەند بەسەر تاڵیباندا بسەپێنن، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا پشتگیری گەلی ئەفغانی دەکات وبەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هەموو شتێک لە توانای خۆیدا بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هەموو ئەفغانیەکان.

 

لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا بە گوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر ناوەندێکی پەروەردەیی پڕ لە خوێندکاران لە گەڕەکێکی کەمینەی شیعە لە کابول، بەلایەنی کەمەوە ٥٣ کەس کە ٤٦یان منداڵی کچ بوون کوژراون.