بەهۆی خراپی ڕێگاوبان لە دەربەندیخان خۆپیشاندان دەستیپێکرد

بەهۆی خراپی ڕێگاکانی هاتوچۆ و زۆربوونی ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە دەربەندیخان خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دەستیپێکرد و ڕێگای سەرەکی سلێمانی- کەلار داخرا.

ناوەندی هەواڵ

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دژی خراپی ڕێگای هاتوچۆی نێوان سلێمانی- دەربەندیخان و زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و لەبەردەم تونێلی دەربەندیخان گردبوونەوە.

 

هاوڵاتیانی ناڕازی باسیان لەوەکرد دژی خراپی ڕێگای هاتوچۆ و تەواونەکردنی ڕێگەی دەربەندیخان- سلێمانی گردبوونەتەوە، کە بەهۆی خراپی ڕێگاوبان ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیادیکردووە، هاوڵاتیان داوای چاککردنی تونێلەکەیان کرد یاخود حوکمەت جێگرەوەی دیکەیان بۆ بدۆزێتەوە.

 

هاوڵاتیانی دەربەندیخان ئاماژەشیان بەوەدا کە دەستیان بە خۆپیشاندان و نیشاندانی ناڕەزایەتی کردووە تا لایەنی دەسەڵاتدار و پەیوەندیدار بە زووترین کات بێتە سەر خەت و ڕێگای هاتوچۆی دەربەندیخان- سلێمانی تەواو بکات تا چیتر هاوڵاتیان نەبنە قوربانی خراپی ڕێگاوبان، و خۆپیشاندەران جەختیشیان لەوە کردووە تا حوکمەت بەدەم داواکاریەکانیانەوە نەیەت بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

 

سەرباری کەمی خزمەتگوزارییەکانی دیکەی شارۆچکەی دەربەندیخان، زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی خراپی ڕێگاوبان هاوڵاتیانی نیگەران کردووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای دەربەندیخان-سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سێ کەس سێ کەس لەو ڕێگایە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.