ڕژێمی ئێران ژنێکی دیکەی کوشت
لە خۆپیشاندانەکانی تاران ژنێکی گەنجی خوێندکاری خەڵکی مەریوان بە ناوی "نەسرین قادری" لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا.
ناوەندی هەواڵ
ڕاپەڕینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە پاش ئەوەی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا، بە پێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەردەوامە، سەرەڕای هێرشەکانی ڕژێمی ئێران، ئەو چالاکوانانەی کە ڕژێمیان ناوێت لە هەنگاوەکانیان پاشگەز نابنەوە، دوێنێ ڕژێمی ئێران ژنێکی دیکەی خوێندکاری بە ناوی نەسرین قادری خەڵکی مەریوان لە تاران کوشت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە تەرمی نەسرین قادری براوەتە مەریوان بۆ بەخاکسپاردنی، هێزەکانی ڕژێمی ئێران بە ئامانجی ڕێگریکردن لە کۆبونەوە هەوڵی ڕفاندنی تەرمەکەیان داوە.
هێزەکانی حکومەت هەڕەشەیان لە دایک و باوکی نەسرین قادری و ئەحمەد قادری و سوڵتان ئێڵبەگ کردووە کە بە شێوەیەکی بێدەنگ و نهێنی تەرمەکە بەخاک بسپێرن، لە وەڵامی هەڕەشەی ڕفاندنی تەرمەکەدا، هاوڵاتیان لەبەردەم ماڵی نەسرین قادری کۆبوونەوە.